ویستیان بچنە تورکیا

دوو تۆمەتبار لە زاخۆ گیران کە کەتنیان لە کەرکوک کردووە

ئەحمەد مستەفا

دوو تۆمەتباری کوشتن و دزیکردن کە لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکوک داواکراو بوون و بە مەبەستی هەڵاتن بۆ تورکیا چوبوونە زاخۆ، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران.

پۆلیسی زاخۆ لە راگەیەندراوێکدا زانیاری لەبارەی ئەو دوو تۆمەتبارە راگەیاندووە و ئەمڕۆ پێنجشەممە 17.9.2026 دەڵێ، هەردوو تۆمەتبارەکە خەڵکی کەرکوکن و لەو کاتەی هەوڵیان داوە، لە هەرێمی کوردستانەوە بچن بۆ وڵاتی تورکیا دەستگیرکراون.

تیمەکانی نەهێشتنی تاوان لە زاخۆ دوو تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە و لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە، یەکێک لە تۆمەتبارەکان بە تاوانی کوشتن و ئەوی دیکەیان بە تۆمەتی دزیکردن داواکراو بوون.

هەردوو تۆمەتبارەکە، دوای بڕیاری دادگای لێکۆڵینەوەی زاخۆ، رەوانە دەکرێنەوە بۆ کەرکوک تا رێکاری یاساییان لەسەر جێبەجێ بکرێت.