نووسەرەکەی بەختیار عەلییە
لە ئێران چاپی شەشەمی رۆمانی “دەریاس و لاشەکان” بڵاودەکرێتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
لە ئێران چاپی شەشەمی رۆمانی “دەریاس و لاشەکان” بە زمانی فارسی بڵاودەکرێتەوە و وەرگێڕەکەی دەڵێت، خوێنەرانێکی زۆر رۆمانەکانی بەختیار عەلی دەخوێننەوە.
رۆمانەکە یەکەمجار لە لایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی سالسەوە چاپ کراوە و هەر ئەویش لە کاتی تەواوبوونیدا لە کتێبفرۆشییەکاندا چاپی نوێی دەکاتەوە.
مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕی رۆمانەکە و کۆی رۆمانەکانی تری بەختیار عەلی بۆ زمانی فارسی بە 964ـی وت، “هەر چاپێکی رۆمانەکە لەنێوان 500 بۆ هەزار و 100 نووسخەدایە و بە زووییش لە بازاڕدا نامێنێت، بەڵام تا سەرەی چاپکردنی دێتەوە لە چاپخانەکە زۆری پێدەچێت، چونکە بەردەوام کتێبی نوێ چاپ دەکرێت”.
وتیشی، “زۆرترین خوێنەر لە ئێران خوێنەرانی ئەلیکترۆنین و رۆمانەکانی بەختیار عەلی بە سەدان هەزار خوێنەریان هەبووە، چونکە نووسخەی ئەلیکترۆنیی رۆمانەکە زۆر لە چاپە کاغەزییەکە هەرزانترە”.
مەریوان هەڵەبجەیی تا ئێستا 10 رۆمانی بەختیار عەلی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی و “پێشوازییەکی زۆر باش و بەرچاویان لێدەکرێت”.