دەستەى دەستپاکى:

لەسەر قاچاخچێتى نەوت و وەرگرتنى سەرانە بەرپرسێک لە نەینەوا 7 ساڵ زیندانى بۆ بڕایەوە

964+

وریا فەتاح

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی رایگەیاند، دەستەی یەکەمی دادگای تاوانەکانی نەینەوا بە ئامادەبوونی تۆمەتباران، سزای 7 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر بەڕێوەبەری هۆبەی بازگەکانی نەوت لە نەینەوا و مفەوەزێکی پۆلیسی وزەدا سەپاندووە.

بەپێی راگەیەندراوی دەستەی دەستپاکی، سزاکە لەسەر دۆسیەی تۆڕێک لە ئەفسەر و کارمەندان بووە کە بە هاوکاریی چەند قاچاخچییەک، ئاسانکارییان کردووە بۆ بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ دەرەوەی پارێزگای نەینەوا.

ئاماژە بەوەش کراوە کە قاچاخچێتییەکە لە رێگەی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل و تانکەرەوە کراوە، پارە دراوە بە بازگەکانی سەر بە پۆلیسی نەوتی نەینەوا بۆ ئەوەی رێگە بە تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلە پڕ لە سووتەمەنییەکان بدەن، هەروەها سەرانە و پارەش لە هەموو گۆڕەپانەکانی قاچاخچێتیی نەوت لە پارێزگاکە وەرگیراوە.

دادگای تاوانەکانی نەینەوا جگە لە سزا سەرەکییەکە، بڕیاری پێبژاردنی 10 ملیۆن دیناریشی بەسەر تاوانباراندا سەپاندووە، لە ئەگەری نەدانی پارەکەشدا، 3 ساڵ زیندانیکردنی دیکەیان بەدوای سزا سەرەکییەکەدا بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.

دەستەی دەستپاکی روونی کردووەتەوە کە دادگا دوای هەڵسەنگاندنی بەڵگەکان بە تەواوی قەناعەتی بە تاوانباربوونیان هێناوە، بۆیە بەپێی بڕیاری ژمارە 160ی ساڵی 1983 و ماددەکانی 47 و 48 و 49ی یاسای سزادان سزای داون.