هێڵی تایبەتی بۆ راكێشرا

نەخۆشخانەکەی دوکان کارەبای بوو بە 24 کاتژمێر

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

نەخۆشخانەکەی دوکان، کە کەسوکاری دوو نەخۆش تۆمەتیان ئاڕاستە کردبوون بەهۆی بێ کارەبایی منداڵەکانیان گیانی لەدەستداوە، کارەباکەی بووە بە 24 کاتژمێریی.

نەخۆشخانەی شەهید غەریب هەڵەدنی لەدوكان پێشتر، گرفتی بێ كارەباییان هەبوو، شەوان نەخۆشخانەكە دەبوو بە تاریكستان، بەڵام جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە دەڵێت، ئێستا كارەبای 24 كاتژمێریمان هەیە و گرفتەكە چارەسەر كراوە.

لەبارەی چارەسەری دۆخی كارەبای نەخۆشخانەكە، رێبوار ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید غەریب هەڵەدنی دوكان بە 964ی وت، دوابەدوای ئەو گرفتانەی بەهۆی بێ كارەباییەوە رووی لە نەخۆشخانەكەمان دەكرد، نوسراومان بۆ سەرجەم لایەنە كارگێری و تەندروستییەكان، دۆخی كارەبای نەخۆشخانەكەمان چارەسەر كراوە و بووە بە 24 كاتژمێری و هێڵێكی تایبەتمان بۆ دابین كراوە.

بە قسەی ئەو، پێشوتر كارەبای نەخۆشخانەكە لەسەر ڤیدەری ماڵان بوو، بۆیە هەركاتێك سەرە بوایە كارەبای نەخۆشخانەكەش دەكوژایەوە و هێڵەكە جیانەدەكرایەوە، چەند جارێكیش هەوڵدراوە و سەروو خۆمان ئاگادار كردووە بەنوسراو، تاوەكو ئەمجارە هەوڵەكە جێگەی خۆی گرت و نەخۆشخانەكە لەو گرفتە رزگاری بوو.

جێگری بەڕێوەبەر نەخۆشخانە وتیم ئەو دوو كەیسەی لە ماوەی رابردوو هەبوو راستە هاوكات بوو لەگەڵ كێشەی كارەباكە، ئەگەرنا لەدەرەوە و پێش گەیشتنیان بەنەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە.

لەماوەی چەند هەفتەی رابردوو، گومان دەكرا دوو نەخۆش بەهۆی نەبوونی كارەبای نەخۆشخانەكەوە گیانیان لەدەستدابێ و كەسوكاریان بەلایت و فلاشی مۆبایل بەدیار چارەسەری نەخۆشەكەیانەوە بوون و پێیان وابوو ئەگەر دۆخی كارەبای نەخۆشخانەكە بەو جۆرە نەبوایە چارەسەری زیاتریان بۆ دەكرا.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا