نەخۆشی پێوەیە
“گۆشتی ئاژەڵە بەتەمەنەکان دەکرێن بە بەستوو”
964+
ئەحمەد مستەفا
چاوی ئەندازیاری خۆراک و پزیشکی ڤێتێرنەری لەسەر گۆشتی فرێش و بەستووە، سەرەڕای هەرزانییەکەی بەڵام پێیان وایە، گۆشتی بەستوو مادەی ئەندامی کەمە و هی ئاژەڵە بەتەمەنەکانن.
لە بازاڕدا گۆشتی فرێش، لە 18 هەزار دینار بۆ 22 هەزار دینار دەفرۆشرێ کاتێک لە کوشتارگەوە دێتە ناوبازاڕ، بەڵام گۆشتی بەستووی ئامادەکراو و پێچراوە لە 10 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 6.12.2023، لەشکر حەمید، ئەندازیاری خۆراک بە 964ی وت، “ئێستا بەهۆی گرانی گۆشتی فرێش چاوی زیاتر خراوەتەسەر گۆشتی بەستوو، بەڵام ئەگەر بەراورد بکەین لە نێوانیان، بە دڵنیاییەوە بەهای خۆراکی گۆشتی فرێش بەرزترە و تەندروسترە و چاودێری زیاتری لەسەرە”.
کارگەیەک گۆشتی بەستووی خاودەکردەوە دایانخست
ئەو ئەندازیارە ئاشکرای دەکات گۆشتە بەستووەکان هی ئاژەڵە بە تەمەنەکانن، بۆیە دەڵێت، “رێژەی چەوری بەرزە، کە ئەمەش زۆر خواردنی کۆلسترۆڵی زیانبەخش لە خوێندا زیاد دەکات، هەروەها مادەی پارێزەری بۆ بەکاردێت، کە زۆر بەکارهێنانی مادەی پارێزەر دەبێتە هۆکاری نەخۆشییە درێژ خایەنەکانی وەک شێرپەنجەیە”.
پێشتر بەڕێوەبەری کوشتارگەری سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا، هۆشداری لە زیانەکانی بەکارهێنانی گۆشتی بەستوو دابوو، هاوڕا بوو کە ئەوە نرخە وایکردووە، بەشێک لە خەڵکی بە ناچاری گۆشتی بەستوو بکڕن.