کونسوڵی چین: راستەوخۆ ڤیزا دەدەین بە هاوڵاتیانی هەرێم
964+
ژووری هەواڵ
لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە کونسوڵخانەی چین راستەوخۆ ڤیزا دەدات بە هاوڵاتیانی هەرێم، ئەمە قسەی کونسوڵی وڵاتی چینە لە هەرێم.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29.11.2023، لیۆ جیۆن، کونسوڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان، لە کاتی کردنەوەی یەکەمین سەنتەری لێکۆڵینەوەی چین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە زانکۆی سلێمانی رێکخرابوو، رایگەیاند، لە مانگی داهاتووەوە هاوڵاتیانی هەرێم دەتوانن راستەوخۆ داوای ڤیزای چین بکەن.
باسی لەوەش کرد، لەمەودوا پێویست ناکات هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بچنە بەغدا و تورکیا بۆ وەرگرتنی ڤیزای چین و دەتوانن هەر لە کونسوڵخانەی هەولێر ڤیزاکە وەربگرن.
بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتو تا مانگی تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوو، چین سیاسەتی چوونە ژوورەوەی بێ ڤیزا بۆ هاوڵاتییانی شەش وڵات تاقیدەکاتەوە.
حکومەتی چین رایگەیاند، لە 1ی کانوونی دووەم تا 30ی تشرینی دووەمی 2024، سیاسەتی چوونە ژوورەوەی بێ ڤیزا بۆ هاوڵاتیانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، ئیسپانیا و مالیزیا تاقیدەکاتەوە.