زۆری تر ماوە نۆرەیان بێت

500 و یەک دانە خانوو بەختیان هەبوو

964+
زەید کۆچەر-دهۆک

لە دهۆک 500 و یەک دانە خانوو بەختیان هەبووەو تاپۆکراون، بەڵام هێشتا زیاتر لە حەوت هەزار خانووی زیادەڕۆ ماون، هەندێکیان تاپۆ دەکرێن و هەندێکی تر قەرەبوو دەکرێن، ئەوەی دەمێنێتەوە هیچ نایانگرێتەوە.

پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2019 یاسایەکی هەبوو بۆ تاپۆکردنی خانووی زیادەڕۆ، دووساڵ دواتر ئەو یاسایە هەموارکرایەوە، فرسەت هەبوو خانووی بێ تاپۆ، تاپۆ بکرێت، بەو مەرجەی هەتا 9.9.2022 مامەڵەی بۆ بکەن.

لە دهۆک تائێستا 501 خانوو ئیشوکاریان تەواوبووە، 4945 خانوو ماون مامەڵەیان بۆ کراوە بەڵام تاپۆ نەکراون.

ئیسماعیل مستەفا بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانی دهۆک بە 964ی وت هەموو ئەوانەی مامەڵەیان دەست پێکردووە قۆناغ بە قۆناغ یان تاپۆ دەکرێن یان قەرەبوو دەکرێنەوە.

لەشارەوانی رۆژهەڵات:
5964 خانووی زیادەڕۆ هەیە.
4595 تاپۆ دەکرێن.
1369 قەرەبوو دەکرێنەوە – ئەو خانوانەن کە بەر شوێنی گشتی و باخچەو شەقام دەکەون.

لەشارەوانی رۆژئاوا:
1200 خانووی زیادەڕۆ هەیە.
350 تاپۆ دەکرێن.
850 قەرەبوو دەکرێنەوە.

ئیسماعیل مستەفا دەڵێت ”جگە لەو خانوانە ئەوانەی تر کە مامەڵەیان نەکردووە هیچمان لەدەست نایەت بۆیان بکەین، چونکە کاتی خۆی مامەڵەیان نەکردووە، بۆیە دەبێ جارێ چاوەڕێ بکەن”.

بەپێی یاساکەی پەرلەمان -یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە لە سنووری شارەوانییەكان زیادەڕەوییان لەسەر كراوە، رێژەی 5%ی نرخی خانووەکە وەکو بڕە پارەیەک لە خاوەن ئەو خانووانەی زیاڕەوانە وەردەگیرێت بۆ تاپۆکردنی خانووەکان.

بەڵام مەرجە هەتا 9.9.2022 داوای تاپۆکردنیان کرابێت و پێش 31.12.2020 دروستکرابێتن، لەگەڵ چەند مەرجێکی تر.