دەستەی مافی مرۆڤ: هاوسەرگیریکردنی منداڵان نایاساییە

964+

پێشەوا محەمەد

لە ساڵی 2022ـدا زیاتر لە هەشت هەزار گرێبەستی هاوسەرگیری کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ ئەنجام دراوە، دەستەی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدات و دەڵێت، نایاساییە.

دەستەکە ئەمڕۆ سێشەممە ئەو ئامارەی راگەیاندووە، کە پێشتر لە میدیاکاندا بڵاوکراوە و ئامارەکە هی سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ دانیشتووان لە عێراق.

مونا یاقوو، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، ئەوان وەکو دەستە تەنیا ئاگادارکردنەوە و هۆشیارکردنەوەیان پێدەکرێت و “داوا لە لایەنەکان دەکەم ئەو بابەتە بە جدی وەربگرن سەبارەت بە هاوسەرگیریکردنی پێشوەختەی کچان”.

وتیشی، “هاوسەرگیریپێکردنی منداڵان کارێکی نایاساییە و پێویستە منداڵان هەموو مافێکیان پارێزراو بێت و بخوێنن و تەمەنی منداڵییان بژین”.

ئەم لێدوانەی سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە کاتێکدایە، مانگی تشرینی یەکەمى ئەمساڵ سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق، ئاماری گرێبەستەکانی هاوسەرگیریی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2022 بڵاو کردەوە و ئەوەی ئاشکرا کرد، لەو ساڵەدا 55 هەزار و 896 گرێبەستی هاوسەرگیریی واژۆ کراوە، لەو رێژەیە هەشت هەزار و 48 گرێبەستیان  کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ بوون.

چەند هاوسەرگیری بکرێت چارەگێکی ئەو رێژەیە جیادەبێتەوە

چەند هاوسەرگیری بکرێت چارەگێکی ئەو رێژەیە جیادەبێتەوە