لە نێوان عەربەت - سەید سادق
رێگایەک تەنیا 2%ـی ماوە و تەواو ناکرێت
964+
دیلان محەمەد جەزا
بەهۆی بێ متمانەیی بەڵێندەر بە حکومەت بەڵێندەران پڕۆژەکانیان دەوەستێنن، بۆ ئەوەی پارەکەی وەربگرن، بەڕێوەبەری گشتی رێگەوبانی سلێمانی دەڵێت، پڕۆژە هەیە لە 2%ـی ماوە بەڵێندەر تەواوی ناکات.
محەمەد جەلیل بەڕێوەبەری گشتی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی بە 964ـی وت، ئێستا بەهۆی نەبوونی کاش لە بانکەکاندا بەڵێندەر تەندەرەکان وەرناگرێت، لەبەر ئەوەی ترسی لە نەبوونی کاش هەیە لە بانکەکاندا.
باسی لەوەکرد، پڕۆژەی تەواو کردنی پردی شانەدەری لەسەر رێگای عەربەت – سەیدسادق لە 2%ـی ماوە بۆ تەواو بوون، بەڵام بەڵێندەر رایگرتووە.
دەشڵێت، بەڵێندەرەکە پێشینەی پێشووی وەرنەگرتووە و تا وەرینەگرێت تەواوی ناکات پڕۆژەکە، ماوەی ساڵێکە وەستاوە تەواو کردنی ئەو پردە، تەنیا قیرتاوکردنی ماوە.
لە 57 پڕۆژەی راگەیەندراو بۆ ئەوەی بەڵێندەران وەریبگرن، تەنیا دوو پڕۆژەیان وەرگیراوە و ئەوانی دیکە دوو جار راگەیاندنی بۆ کراوە، محەمەد جەلیل وای وت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی