لیژنە دروستکراوە

حکومەتی عێراق سکاڵای هەیە و دژی بۆردومانی حەشدی شەعبییە

ئەحمەد مستەفا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئاشکرای کرد، کە حکومەت دەستی کردووە بە تۆمارکردنی سکاڵا دژی ئەوانەی بوونەتە هۆی بۆردومانکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی عێراق.

نوعمان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، سەرزەنشتێکی توندی هێرشە ترسنۆکانەکەمان کرد کە کرایە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی، کە دامەزراوەیەکی ئەمنی حکومی فەرمییە و ئەرکی پاراستنی ئاسایش و پارێزگاریکردن لە عێراق جێبەجێ دەکات.

ئەو وتیشی هێرشەکە بێ پاساوە و دەستمان کردووە بە ڕێکارە یاساییەکان دژی ئەوانەی بوونەتە هۆی لەدەستدانی گیانی پاڵەوانانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی تر.

بە قسەی ئەو، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەکی بۆ سەردانیکردنی خێزانی کوژراوەکان و بەدواداچوون بۆ باری بریندارەکان پێکهێناوە و چاودێری دۆخی بریندارەکان دەکات، هەروەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، رێنمایی داوە بۆ دابینکردنی تەواوی پاڵپشتی و چاودێری پزیشکی پێویست بۆ گەڕانەوەی بریندارەکان و چاکبوونەوەی تەواویان.

ئەوە لە حاڵێکدا، چەند رۆژی رابردوو لە شارەکانی عێراق ژمارەیەک بارەگای حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆردوومان کرا.