دەربەندیخان

گەنجێکى تازەزاوا بەهۆى پەلامارى گایەکەوە گیانى لەدەستدا

میلاد جەلال- گەرمیان

ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی “بانیخێڵان”ـی سەر بە قەزای دەربەندیخان، رووداوێکی دڵتەزێن روویدا و گەنجێکی تەمەن 32 ساڵ، لە کاتى پێدانى پێدانى ئالیک بە ئاژەڵەکانى گایەک پەلاماریداوە و بەهۆیەوە گیانى لەدەستداوە.

سیروان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی گوندی بانیخێڵان بە 964ـى وت”گەنجەکە بە تەنیا چووەتە ناو ئاژەڵەکانی بۆ ئەوەی خواردنیان پێ بدات، بەڵام لەو کاتەدا یەکێک لە گایەکان پەلاماری داوە و بە سەختی برینداری کردووە.”

ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ئەوەی گەنجەکە بە تەنیا بووە کەس لە کاتی رووداوەکەدا ئاگاداری نەبووە، دوای نزیکەی کاتژمێرێک کەسوکارەکەی چوونەتە شوێنەکە و بینیویانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

ئەم رووداوە کاردانەوەی زۆری لە ناوچەکە هەبووە، بەتایبەت کە ئاشکرا بووە ئەو گەنجە تەنیا یەک هەفتەیە پڕۆسەی هاوسەرگیریی ئەنجامداوە و لە مانگی هەنگوینییدا بووە.