"بۆ شێواندنى بازاڕە"

حوسێن عەلاوى راوێژکارى سەرۆک وەزیرانى عێراق: ئەمریکا ناردنى دۆلارى بۆ عێراق رانەگرتووە


وریا فەتاح

حسێن عەلاوی، راوێژکاری سەرۆک وەزیران، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە راگرتنی ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ عێراق دەکەن تا کاتی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، و دەڵێت: ئەو هەواڵانە نادروستن.

عەلاوی جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییە دارایی و ئەمنییەکان لەگەڵ واشنتن بەبێ پچڕان بەردەوامن، ئاماژەی بەوە شکرد کە پارەی دۆلار مافێکی سەروەریی عێراقە و بە بڕیارێکی سەرۆک ترەمپ پارێزراوە.

عەلاوی هۆشداری دا لە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە “دەنگۆ داراییانە” کە ئامانجی سەرەکییان تێکدانی سەقامگیری بازاڕی ناوخۆ و کاریگەری نەرێنییە لەسەر دۆخی ئابووری گشتی وڵات.
ئەوە لە کاتێکدایە چەند پێگە و میدیایەک بڵاویانکردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناردنی دۆلاری بۆ عێراق راگرتووە و دەستپێکردنەوەی بە پێکهێنانی حکومەتی نوێوە بەستووەتەوە.

“کێشەی دۆلار پەیوەندی بە پارەی سەروەریی عێراقەوە هەیە کە هی گەلە، و بە بڕیاری سەرۆک ترەمپ و سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا پارێزراوە؛ ئەم دەنگۆیانە تەنیا بۆ کاریگەری دروستکردنە لەسەر بازاڕی ناوخۆ و زیانگەیاندن بە ئابووری عێراق.” حوسێن عەلاوى واى وت.