دیمەنی ناوەندی شاری هەولێر - وێنە: 964
گەشەپێدان و پیشەسازی
91 پڕۆژە لە هەولێر زەوییان بۆ تەرخان کرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان لە هەولێر کۆبووەوە و بڕیاری دا زەوی بۆ 91 پڕۆژە تەرخان بکرێت.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو سێشەممە لە دیوانی پارێزگا کرا و وەک راگەیاندراوی پارێزگا باسی دەکات “پارێزگاری هەولێر جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پیشەسازییە ( گەورە، مامناوەند و قورسەکان ) کردەوە، بەپێی یاسا و رێنماییە بەرکارەکان”.
“دواى گفتوگۆکردن و هەڵسەنگاندنى پڕۆژە پیشەسازییەکان و کار و بەرهەم و ئامانج و مەبەستی پڕۆژەکان، بڕیاری پێویست لە بارەى ئەو پڕۆژانە درا کە داواى تەرخانکردنى زەویان کردبوو و رەزامەندی لەسەر دابینکردنی زەوی بۆ 91 پڕۆژە درا”، لە راگەیاندراوەکەدا واهاتووە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، بە مەبەستی رێکخستنەوە و چاودێریکردنی وردی پڕۆسەكە، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت درا بۆ چاودێریکردنی پڕۆژە پیشەسازییەکان، هاوکات چەند بڕیارێکی دیكەی گرنگی پەیوەست بە گەشەپێدانی زیاتری ئەم کەرتە درا.