مەترسیدارە

شارەوانی سلێمانی: لەو باخچانە دووربکەونەوە کە دەرمانیان پێوە دەکرێت

پێشەوا محەمەد

شارەوانیی سلێمانی هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان نەچنە ئەو باخچانەوە کە دەرمانیان پێدا رشتوون، چونکە دەڵێت زیانی تەندروستییان پێدەگات.

لەم وەرزەدا بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی دەرمانی دژە نەخۆشی بە دار و چیمەنی باخچەکاندا دەڕشێنێت.

عەلی حامید، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، یەک رۆژ بەسە هاوڵاتیان دوای رشاندنەکە نەچنە باخچەکەوە تا دار و چیمەنەکان دەرمانەکە بە تەواوی هەڵدەمژن.

وتیشی، “ئەو دەرمانانەی دەڕشێندرێن کیمیایین، هەندێجار زیان بە بۆری هەناسەی مرۆڤ دەگەیەنن، هەندێکیان حەساسییەت بۆ چاو و هەندێکیشیان بۆ پێست دروست دەکەن، وا باشترە هاوڵاتیان لەو زیانانە خۆیان بەدوور بگرن”.

بەڕێوەبەرایەتی باخچەکان هەر باخچەیەک بڕشێنێت پۆستەرێکی پێوە هەڵدەواسێت و هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە، کە ئەو باخە دەرمانی پێوە کراوە و نەچنە ناوییەوە.

لەناو شاری سلێمانی 470 باخچە بوونیان هەیە.