ماتۆڕسکیلێک لە گەرمیان تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە - وێنە: هاتوچۆی گەرمیان
12 ماتۆڕسوار گیانیان لەدەست داوە
نزیکەی نیوەی رووداوە هاتوچۆکانی گەرمیان ماتۆڕسکیل بوون
پێشەوا محەمەد
بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان، تا مانگی 10ـی ئەمساڵ 387 رووداوی هاتوچۆ روویان داوە و 148یان ماتۆڕسکیل بوون.
بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکە، کە بە 964 دراوە، 155 ماتۆڕسوار بریندار بوون و 12شیان گیانیان لەدەست داوە.
” زۆرینەی هۆکاری رووداوەکانی هاتوچۆ پابەندنەبوونە بە رێنماییەکانی هاتوچۆ، خێرایی لەڕادەبەدەر، تێپەڕاندنی هەڵە و لێخوڕین بە مەستی و خراپیی رێگاوبانەکان”، ئەوە قسەی سامان عەلی، وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیانە بۆ 964.
دەشڵێت، ئەو ماتۆڕسوارانەی گیانیان لەدەست داوە مۆڵەتیان نەبووە و زۆرینەی ماتۆڕسکیلەکانیش بێسەرەتان و تۆمار نەکراون.
ساڵی رابردوو 408 رووداوی هاتوچۆ لە گەرمیان روویان داوە و 214یان ماتۆڕسکیل بوون، بەهۆیانەوە 146 کەس بریندار بوون و 16ی دیکەش گیانیان لەدەست دابوو.