عەدنان جومەیلی ئەوانیشی ماڵ کاول کرد
نزیکەی 2000 کرێکاری پاڵاوگەی بێجی لە کارەکانیان دورخراونەتەوە
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
سەدان کرێکاری پاڵاوگەی بیجی لە پارێزگای سەڵاحەدین، ئەمڕۆ گردبونەوەیەکی ناڕەزاییان لە بەردەم پاڵاوگەکە ئەنجامدا و داوا دکەن بە زوویی بگەڕێندرێنەوە سەر کارەکانیان و شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکرێت.
محەمەد مەحمود قایمقامی قەزای بێجی بە 964ـی وت، “ئێمە لە نزیکەوە ئاگاداری کێشە و داواکاریەکانی ئەم کرێکارانەین و داواکارییەکانیان لە چوارچێوەی مافە سەرەتاییەکاندان، چونکە جگە لە دوورخستنەوەیان، موچەی چوار مانگیشیان کە بۆ هەر مانگێک 500 هەزار دینار دەبێت، تا ئێستا پێیان نەدراوە.”
وتیشی، ئەو کرێکارانە نزیکەی دوو هەزار کەس دەبن کە خەڵکی پارێزگاکانی سەڵاحەدین، کەرکوک و موسڵن، ئەوان لە سەردەمی عەدنان جومەیلی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بە گرێبەستی رۆژانە لەو پاڵاوگەیە دامەزراون، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ بەڵگە و نووسراوێکی فەرمییان بۆ بەغدا نەنێردراوە، دوای گۆڕانکاری و لێکۆڵینەوەکان، دەستبەجێ لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە.
قایمقامی بێجی دەڵێت، “هەرچەندە لە هەوڵی بەردەوامین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بە مەبەستی گەڕانەوەی کرێکارەکان بۆ سەر کارەکانیان و خەرجکردنی شایستە داراییە دواکەوتوەکانیان، بەڵام پێناچێت ئەوە چارەسەرێکی بنەڕەتی بێت، چونکە تاوەکو دۆسێی عەدنان جومەیلی یەکلا نەکرێتەوە، کێشەی ئەم کرێکارانە بە تەواوی چارەسەر نابێت”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری