ئەمساڵیش نەوت لە سەنتەری شارەکان دابەش ناکرێت
+964
بەدواداچوون: فەرمان سادق
پێناچێت ئەمساڵیش نەوتی سپی بگاتە سەنتەری شارەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە بەپێی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووایە، دەبوو لەم مانگەدا نەوت لەناو شارەکان دابەش بکرایە.
بۆ دابینکردنی بەرمیلێک نەوت بۆ ماڵان، هەرێمی کوردستان پێویستی بە ٢٧٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە، پێشتریش وەزیری سامانە سروشتییەکان لە مانگی ئەیلولی رابردوو لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند؛ قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی نەوت کە ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە، 320 هەزار خانەوەدە دەگرێتەوە.
لە بەیاننامەیەکدا کە دوێنێ حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە دەڵێ؛ نزیکەی 43 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشکراوە.
لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڕی 12 ملیۆن و 813 هەزار و 200 لیتر نەوت دابەشکراوە.
لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و ئیدارەی گەرمیان 18 ملیۆن و 828 هەزار و 800 لیتر نەوت دابەشکراوە.
لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک بڕی 11 ملیۆن و 197 هەزار و 600 لیتر نەوت دابەشکراوە
بەپێی بڵاوکراوەکەی حکومەت، زیاتر لە 214 هەزار خێزان لەو پرۆسەیە سودمەند بوونە، بەمەش هێشتا دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەکان کە دەبوو لە مانگی تشرینی یەکەم نەوت وەربگرن، سەرووی 106 هەزار خێزان، نەوتییان وەرنەگرتووە.
+964 دەزانێت، بە گشتی سنووری پارێزگای هەولێر پێویستی بە 93 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە، بۆ ئەوەی هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوت وەربگرێت، لەو رێژەیەش سەنتەری هەولێر 45 ملیۆن لیتر نەوتی پێویستە، هاوکات پارێزگای دهۆک پێویستی بە 54 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە.
پێشتر کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕی 70 ملیار دینار بۆ کڕینی نەوتی سپی تەرخانکردووە، بەشێوەی تەندەر320 ھەزار بەرمیلی بە نرخی 284 ھەزار دینار کڕیوە، پاڵپشتیی حکومەت بۆ نرخی هەر بەرمیلێک دەگاتە 65٪ و ھاوڵاتییانیش بە نرخی 35٪ نەوتەکە دەکڕن.
نافیز ناوپردانی، سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێ؛ ساڵانە حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی دابەشکردنی نەوت رادەگەیەنێ، بۆ ئەمساڵ بەدواداچوونمان کردووە دەرکەوتووە کە حکومەتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی نەناردووە کە دەبوو بینێرێت بۆ کوردستان.
سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، رەخنەی ئەوەش لە حکومەتی هەرێم دەگرێت کە پلانی تاخیر رادەگەیەنێت، ئەگەر لە هاوین رایبگەیەنێت، ئەوا بۆ زستان ئەو گرفتە دروست نابێت کە ئێستا هەیە، وتی “دابەشکردنی نەوت کاتێکی زۆری دەوێت، بۆیە گرنگە لە هاوین ئامادەکاری رابگەیەنرێت، ئەنجومەنی شارەکان هیچ دەسەڵاتێکیان لەدەست نییە تا گوشاریش لەسەر حکومەت بکەن کە نەوتی سپی دابەش بکات، تەنانەت لەدەستی پارێزگارەکانیش نیە”.
بەپێی بەدواداچوونێکی +964، ماوەی شەش ساڵ زیاترە دانیشتووانی سەنتەری شارەکان سوودمەند نەبوونە لە دابەشکردنی نەوت، ئەمەش وایکردووە بە ناچاری نەوت لە بازاڕ بکڕن.
سەرباز مەلا کەریم، خاوەنی کۆمپانیای پۆڵا بۆ کاری بازرگانی سووتەمەنی بە +964ـی وت، نرخی بەرمیلێک نەوت لە بۆرسەی سووتەمەنی هەولێر بە 240 بۆ 245 هەزار دینارە، بە 255 تا 260 هەزار دەگاتە دەستی هاوڵاتییان.
ئەو قسانەی نافیز ناوپردانی لە کاتێکدایە بەپێی پلانەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووایە، دەبوو لە مانگی تشرینی یەکەم دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەکان نەوت وەربگرن، لە مانگی تشرینی دووەم دانیشتووانی دەوروبەری شارەکان و لە کانونی یەکەمیش دابەشکردنی نەوت لەناو شارەکان بووایە.