مین تەقێندراوەتەوە

دەنگەکانی چیای قەرەچوغ سوپای عێراق بوون

964+
ئەحمەد مستەفا

سوپای عێراق لە نزیک خاڵە سەربازییەکانی لە چیای قەرەچوغ، لە بەیانی ئەمڕۆوە سەرقاڵی تەقاندنەوەی مین و تەقەمەنییەکانی چەکدارانی رێکخراوی داعش و گەریلاکانی پەکەکە-یە، دەنگەکانی ئەو ناوچەیەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە.

بەوتەی بەرپرسێکی سەربازی بێت لە لیوای 18ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، “سوپای عێراق دەوربەری خاڵە سەربازییەکانی خۆی پاکردووەتەوە، کە پاش کشانەوەی گەریلاکان وەری گرتوون”.

رۆژی 19.10.2023، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە)، کشانەوەی گەریلاکانی لە سێ خاڵی سەربازی کەمپی مەخمور بۆ هەرێمی پاراستنی مێدیا راگەیاند، کە ئەوکات ئەرکیان پاراستنی کەمپی مەخمور بوو، بەهۆیەوە لەلایەن درۆنەکانی تورکیاوە بەئامانج دەگیران.

پاش گرژی نێوانیان، پێشمەرگە و سوپا رێککەوتن، سێ خاڵە سەربازییەکە بۆ شەش خاڵی سەربازی فراوان بکەن و سێ خاڵی لەلایەن پێشمەرگە و سێ خاڵەکەی دیکە لەلایەن سوپای عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت.

ئەفسەرێكی سوپای عێراق لەبارەی شەڕەکەی ئەمڕۆی چیای قەر...

ئەفسەرێكی سوپای عێراق لەبارەی شەڕەکەی ئەمڕۆی چیای قەرەچوغ قسە بۆ 964 دەکات

بەرپرسێک لە لیوای 18ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە کە ویستی ناوی ئاشکرانەکرێت لە قەرەچوغەوە بە 964ی وت، “لە زۆرێک لەو خاڵە سەربازییانەی سەربازانی سوپای عێراق وەری گرتوون، پاشماوەی عبوە و تەقەمنی هەبوون، بۆ سەردەمی چەکدارانی داعش و گەریلاکانی پەکەکە دەگەڕێتەوە کە بۆ بەرگریکردن بەکارهاتوون، لەلایەن سەربازانی عێراقییەوە دەست بە تەقاندنەوەیان کراوە”.

بەوتەی ئەو بەرپرسەی پێشمەرگە بێت، سەربازە عێراقییەکان لە بەیانی ئەمڕۆوە دەستیان بە پاککردنەوە وکێوماڵکردنی ناوچەکە کردووە، ئەوەشی وت، “فیرقەی 14ی سوپای عێراق بە ئەرکەکە هەستاوە، کە پێشتر لە روبەربوونەوەیەک لەگەڵ پێشمەرگە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی خاڵە سەربازییەکانی گەریلاکانی پەکەکەی دا”.

چەناڵی رۆژەڤ مەخمور کە لەکەمپی مەخمورەوە بەڕێوەدەبرێ، ئاماژەی بەوەکردووە، “ئەمرۆ پێنجشەممە 9.11.2023، خەڵکی کەمپ لە ماوەی پێنج خولەکدا، بیسەری دوو تەقینەوەی گەورە بوون لە چیایی قەرەچوغەوە کاتێک سەربازانی عێراقی کێوماڵی ناوچەکەیان کردووە”.