کۆیە ده‌بێته خاوه‌ن یه‌كه‌م سەنتەرى گواستنەوەی خوێن
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
بۆیه‌كه‌مجار قه‌زاى كۆیه ده‌كرێته خاوه‌ن سه‌نته‌رێكی گواستنه‌وه‌ى خوێن و به‌رپرسێكی باڵاى ته‌ندروستیش ده‌ڵێت، سه‌نته‌رێكی پێشكه‌وتووه و بڕیاره هه‌فته‌ى داهاتوو بكرێته‌وه.
لە سنوورى قه‌زاى کۆیە، ته‌نیا تاقیگەى ناوەندى هەیە، کە تایبەتە بە ئەنجامدانى جۆرەکانى پشکنینى خوێن، بۆ هه‌ر پێویستییه‌كى خوێنیش بۆ نه‌خۆشه‌كان، خوێنهبهخشهكان سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌كانیان ده‌كرد و خوێنیان ده‌به‌خشى.
له ماوه‌ى رابردوودا، تیمێکی بانکی خوێنى هەولێر سەردانی ته‌ندروستى كۆیه‌یان كردووه، ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه بۆ دابینكردنى پێداویستییه لۆجیستییهكانى ئه‌و سه‌نته‌ره و راهێنانی کارمەندان لەو بوارە.
د. شێروان جه‌لال، جێگرى به‌ڕێوه‌بەرى گشتیى تەندروستیى کۆیە بە 964ـى راگەیاند “ئێستا سه‌نته‌ره‌كه ئاماده‌یه و له‌هه‌فته‌ى داهاتوودا به فه‌رمی ده‌یكه‌ینه‌وه”.
باسی له‌وه‌ش كرد، کارەکانى ئه‌م سه‌نته‌ره جیاکردنەوەی بەشەکانی خوێن بە ئامێر و شێوازی نوێ وەک پلازما، خڕۆکەی سوور، پەڕەکانی خوێن و پشکنینى ڤایرۆسى جگەر و زۆر بابەتى دیکە.
دووپاتیشی ده‌كاته‌وه، لەمەودوا نەخۆش له سنوورى قه‌زاكه‌یان پێویستی بەوە نابێت، رەوانەی نەخۆشخانەی شارەکانی دیکە بکرێت.
به پێی زانیارییه‌كانى 964، سەنتەرەکە لەناو بیناى تاقیگەى ناوەندى خوێنى کۆیە دەبێت و هه‌فته‌ى داهاتووش وه‌زیرى ته‌ندروستى سه‌ردانی كۆیه ده‌كات بۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌م سه‌نته‌ره.