شارەوانی هەولێر شۆفێری کرێنێكی سزادا

دار و دیواری کرد بە تابلۆی بازرگانی؛ رەقەم مۆبایلی خۆی لەسەر نووسین

شۆڕش قادری

شۆفێری کرێنێک؛ چووەتە هەر شوێنێکی هەولێر، رەقەم مۆبایلی خۆی لەسەر دار و دیواری شوێنەکە نووسیوە وەک ریکلام بۆ ئیشەکەی، شارەوانی دۆزییەوە و بەدڵی خۆی سزای دا.

سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر چەند وێنەیەکی کرێنەکە و سایەقەکەشی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیی چوار و بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانیی دوای بەدواداچوون، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری کرێن دەستی بەسەرداگیڕا، کە خاوەنەکەی لە زۆربەی گەڕەک و شوێنە گشتییەکان، بە بۆیاخ دیوارەکانی پیس دەکرد و بەشێوەکی هەڕەمەکی ریکلامی بازرگانی و ژمارە مۆبایلی لەسەر دیوارەکان دەنووسی، ئەوەش بووەتە دیاردەی بەشێک لە پیشەوەران و بەپێی یاسا لێپێچینەوە و سزای پێبژاردنیان لە بەرامبەردا دەکرێت بەهۆی شێواندنی سیمای شار.

دەشڵێت، لە میانی هەڵمەتەکانی رێکخستنەوە و پاراستنی جوانی سیمای شار، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لە رێگای هەر شەش بەڕێوەبەرایەتیەکانییەوە، بەردەوامە لە بەدواداچوونەکان و چاودێریکردنی بازاڕ و شوێنە گشتی و کوچە و کۆڵانەکانی پایتەخت.