شارەزوور

لە رووداوێکی هاتوچۆدا پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستدا و پێنجی دیکەش برینداربوون

بڕوا مەجید ـ  شارەزوور

بەیانی ئەمڕۆ لە رووداێکی هاتوچۆدا لە جۆری پێکدادان لەسەر رێگەی شارەزوور – دەربەندیخان و لە نزیک گوندی میرەدێ، شەش پێشمەرگە برینداربوون و بە هۆی سەختی برینەکەیەوە یەکێک لە بریندارەکان کەمێک پێش ئێستا لە سلێمانی گیانی لەدەستداوە.

سامان سابر، بەرپرسی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی گشتی شەهید رەئوف بەگ لە قەزای شارەزوور بە 964ـی وت، ”رووداوەکە کاتژمێر هەشتی بەیانی روویداوە، بە هۆیەوە شەش پێشمەرگە بە برینداری گەیەندراونەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان، لەو شەش بریندارە، برینی چواریان سووک بووە و دوو بریندارەکەی دیکەش دوای چارەسەری سەرەتایی، بە هۆی سەختی برینەکەیانەوە، رەوانەی سلێمانی کراون، کەمێک پێش ئێستاش یەکێک لە بریندارەکان گیانیلەدەستداوە و تەرمەکەی ئێستا لە پزیشکی دادی سلێمانیە”.

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک لە پۆلیسی نەخۆشخانەکە بۆ 964 وتی، پێکدادانەکە لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری هیۆندا ئەلەنترا و ئۆتۆمبێلێکی لانسەردا بووە، شۆفێر و سەرنشینی هەردوو ئۆتۆمبێلەکە پێشمەرگە بوون، ئۆتۆمبێلێکیان لە دەوام گەڕاوەتەوە و ئەوەی دیکەشیان لە رێگادا بووە بۆ دەوام، ئەو پێشمەرگەیەش کە گیانی لەدەستداوە، لە دەوام گەڕاوەتەوە و خەڵکی دەڤەری راپەڕینە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر