كوڕه‌كه‌ی رۆناڵدۆ گه‌ڕایه‌وه‌ ریال مه‌درید، ئه‌ی باوكی؟

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

جونیۆر کوڕی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ی ناوداری پۆرتوگال، سوپرایزێکی گه‌وره‌ی كرد و جارێکی دیكه‌ گەڕانەوەی ریزەکانی تیپی لاوانی یانه‌ی ریال مەدرید، ئه‌مه‌ش پرسیاری ئه‌وه‌ی دروست كردووه‌ ئایا باوكیشی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یانه‌ی شاهانه‌.

جونیۆر هەمیشە پەیوەندی بە گواستنەوەکانی باوکییەوە هەبووە، بەو پێیەی لە ریال مەدریدەوە لەگەڵیدا رۆیشت بۆ یانه‌ی یوڤێنتۆس، له‌وێشه‌وه‌ بۆ مانچێستەر یونایتد.

تۆڕی هه‌واڵی “دیفێنسا سێنتڕاڵ”ـی ئیسپانی بڵاویكرده‌وه‌، جونیۆری كوڕی رۆناڵدۆ دوای چوار ساڵ گەڕاوەتەوە ریزەکانی تیپی لاوانی یانه‌ی ریال مه‌درید.

ئەم هەواڵە مشتومڕێکی زۆری لە ئیسپانیا دروست کردووه‌، بە تایبەتی رەنگە ئاماژە بێت بۆ ئەگەری گەڕانەوەی دۆن بۆ ریال مەدرید.

ماوه‌ی مانگێكه‌ ده‌نگۆی زۆر له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندیكردنی رۆناڵدۆ به‌ یانه‌ی نه‌سڕی سعوودی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌م چه‌ند رۆژه‌دا پێشهاتی نوێ هه‌ن، یه‌كێك له‌وانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌یه‌تی بۆ ریال مه‌درید ،هه‌روه‌ها ئێلمای خوشكی رۆناڵدۆ له‌ پۆستێكی ئینستاگرامدا، سێ رۆژ له‌مه‌وبه‌ر گومانی له‌ چوونی براكه‌ی بۆ یانه‌ی نه‌سڕ وروژاند، كاتێك به‌ گاڵته‌ و ئیمۆجی باسی ئه‌م بابه‌ته‌ی كرد.

رۆناڵدۆ بە درێسی ریال مەدرید و خەڵاتی بالۆن دۆر…فۆتۆ: سۆشیال میدیا

کریستیانۆ ماوەی نۆ ساڵ له‌ 2009 تا 2018 یاری بۆ یانه‌ی ریال مه‌درید كرد و له‌گه‌ڵیدا زۆرترین نازناوی له‌سه‌ر ئاستی تیپه‌كه‌ و كه‌سیی خۆیدا به‌ده‌ستهێنا، دواتر له‌ هاوینی 2018 روویكرده‌ یانه‌ی یوڤێنتوسی ئیتالی، پاشانیش له‌ 2021 گه‌ڕایه‌وه‌ یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتدی ئینگلیزی، پێش ئه‌وه‌ی چه‌ند رۆژێك پێش ده‌ستپێكردنی مۆندیالی قه‌ته‌ڕ، گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مان یونایتد به‌ رێككه‌وتنی هه‌ردوولایان هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.