لە سلێمانی و دەورووبەری
کەمێکی دیکە ئاو دەگاتەوە ئەو گەڕەکانەی کە بەهۆی شکانی بۆرییەکەوە بێ ئاو بوون
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
هێندەی نەماوە ئاو بگاتەوە ئەو گەڕەکانەی سلێمانی کە بەهۆی شکانی بۆرییەکەوە بێ ئاو بوون و کەمێکی دیکە بەلوعەکانیان خوڕەی دێ.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە نزیکەی 20 کاتژمێر توانیان، بۆری ئاوی دوکان – سلێمانی هێڵی دوو لە گەڕەکی قوڵەڕەیسی چاک بکەنەوە، پەیامنێری 964 چووە شوێنەکە و قسەی لەگەڵ ئامانج جەلال وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی کردووە، ئەو دەڵێت، “لە ئێستادا سەرقاڵی بەردانەوەی ئاون و پاش چەند خولەکێکی دیکە ئاو دەگاتەوە هەموو ئەو شوێنانەی بێ ئاو بوون.
بەقسەی کاربەدەستانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی، ئەو کۆمپانیایەی کە بۆرییەکەی شکاند، تێچووی چاککردنەوەی بۆرییەکە دەدات.
دوێنێ شەممە 8.8.2026 بۆری ئاوی دوکان – سلێمانی هێڵی دوو لە ناوچەی قولەڕەیسی شکا و جگە لە گەڕەکەکانی سنووری قڕگە، وەک برایم ئەحمەد و سێتوان و کازێوە و کوردسات و راپەڕین و هەموو گەڕەکانی دەرەوەی شەستی، زۆربەی دانیشتووانی ئەڵایی و چەمچەماڵیش بێ ئاو بوون.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری