لە بارەی موچەوە
وتەبێژی حکومەت: بیانوو بهێڵێت 700 ملیارەکە دێت
964+
ئەحمەد مستەفا
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “ئەگەر بیانوویەکی دیکەی بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەم هەفتەیە 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت”.
ئەمڕۆ سێشەممە 31.10.2023 لە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەیسبووک رستەیەک بە ناوی پێشەوا هەورامانی، وتەبێژ بڵاوکراوەتەوە و نووسیویەتی، “ئەگەر بیانوویەکی دیکەی بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەم هەفتەیە 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت”.
بە پێی قسەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشتر لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بۆ کردبوو، دەڵێت، دواکەوتنی پارەکە پێچەوانەی هەموو لێدوان و قسەو باسی ناو کۆبوونەوەکان و رێککەوتنەکان بووە.
حکومەت دامەزراوەکانی راسپارد و داوای بەردەوامی لە تیمەکەی بەغدا کرد
وتەبێژی حکومەت ئەوەشی وتبوو، “لە ماوەی رابردوودا نیەتی روونی حکومەتی هەرێم نیشاندرا بۆ رێککەوتن و گەیشتنە ئەنجام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، هیچ شتێک لەسەر ئێمە نەماوە، کە ئەنجامی بدەین، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوام بێت، لە بەرانبەر پێشێلکردنی مافی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستان ناتوانین بێدەنگ بین”.
لە مانگی ئەیلوول دەستکرا بە ناردنی 700 ملیار دینار، یەک مانگ هات و مانگەکانی دیکە کێشەیان بۆ دروست بووە.
ئەو پارەیەی حکومەتی عێراق بڕیاری دا بینێرێت، لە رێگەی هەر سێ بانکی رافیدەین و رەشید و TBI بڕی دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بۆ ماوەی سێ مانگ، بانکی رافیدەین 250 ملیار، بانکی رەشید 250 ملیار و بانکی تی بی ئای 200 ملیار دینار دەنێرن.