"سروشتەکەی شێوێندراوە"
شەو مانەوە لە دوورگەی ئەسپەکان قەدەغە کرا
964+
میلاد جەلال – شەمێران
رۆژانە گەشتیارێکی زۆر روویان لە دوورگەی ئەسپەکان دەکرد، پێشتر زۆر لە گروپە گەشتیارییەکان شەوان لەوێ دەمانەوە، دوای ئەوەی پاشماوەکانیان بەجێدەھێشت بووە هۆکاری ئەوەی بڕیاری قەدەغەکردنی شەومانەوەی گەشتیاران بدرێ لە دوورگەکە.
پۆلیسی دارستانی سنورەکە شەو و رۆژ چاودێری دورگەکە دەکەن، بۆ ئەوەی ژینگەکەی تێکنەدرێت و گەشتیاران پاشماوەکانیان لەوێ بەجێنەھێڵن.
دوورگەی ئەسپەکان دەکەوێتە ناوچەی شەمێران سنووری قەزای دەربەندیخان، ئەو گەشتیارانەی دەڕۆنە دورگەکە لە بەیانی تا کاتژمێر 7:00ی ئێوارە بۆیان ھەیە بمێننەوە، دواتر بەو بەلەمەی کە رۆشتون دەبێت بگەڕێنەوە.
بە خاوەن بەلەمەکان وتراوە ھیچ گەشتیارێک نابێت شەوان لە دورگەکە بمێنێتەوە، دەبێت ئێوارە ئەو گەشتیارانە بگەڕێننەوە کە بردویانن بۆ دورگەکە.
لە ماوەی رابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا تێکدانی سروشتی دوورگەکە بڵاوکرایەوە، ئەمەش نیگەرانی زۆری لێکەوتەوە، ھەرئەمەش وای کرد بەرپرسانی ناوچەکە بڕیاریاندا ھیچ گەشتیارێک شەوان نەمێنێتەوە لە دورگەی ئەسپەکان.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا