دیمەنی مریشک فرۆشێک - وێنە:964
لە چۆمان رێنمایی دەرکرا
مریشک بە هەزار دینار پاک بکەن و زیاتر وەرنەگرن
964+
ئەحمەد مستەفا
لە رێنمایی نامەیەک کە بۆ هاوشارییان و مریشکفرۆشانی سەنتەری قەزای چۆمان نێردراوە، لیژنەی ئابووری قەزاکە دەڵێ، ئیتر دەبێ بۆ وەرگرتنی حەقدەستی مریشک، مریشکفرۆشان تەنیا هەزار دینار وەربگرن.
پێشتر بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی غاز و عەلەف لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، پاککردنی مریشک بۆ هەزار و 500 دینار و دوو هەزار دینار بەرزبوویەوە.
لیژنەکە لەو راگەیەندراوەیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 29.4.2026 بڵاوی کردووەتەوە و 964 بینوویەتی دەڵێ، ماوەیەک بەر لە ئێستا بەهۆی کەمیی غاز و گرانبوونی لە بازاڕدا، چاوپۆشیمان لە مریشکفرۆشەکانی سەنتەری قەزای چۆمان کرد بۆ بەرزکردنەوەی نرخی پاککردنی مریشک.
لیژنەکە بێ سێ و دوو دەڵێ، ئێستا نرخی غاز لە پێشوو زۆر دابەزیوە و دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە، ئاگاداری مریشکفرۆشەکانی سەنتەری قەزای چۆمان دەکەین، نرخی چاککردنی مریشک تەنیا یەک هەزار دینارە.
ئەوان بە پێویستی دەزانن، هاوڵاتییان لەوە ئاگادار بن، وە مریشک فرۆشان لە بەرانبەر پێگیریی نەکردن بەو بڕیارەیان، تووشی لێپێچینەوە و سزای دارایی دەبنەوە.