"با ئاو لە خابوور رابکێشرێت"

جوتیارانی زاخۆ بەهۆی کەمئاوییەوە بەرهەمەکانیان کەمی کردووە

+964
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

زیاتر لە 800 جوتیاری گوندەکانی زاخۆ داوای راکێشانی ئاو بۆ کێڵگەکانیان دەکەن و ده‌ڵێن به‌هۆی كه‌مئاوییه‌وه‌ به‌رهه‌می هه‌ناری ئه‌مساڵ كه‌م

دەڤەری “لێفێ” سەر بە ئیدارەی زاخۆیە و نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە سەنتەری قه‌زاكه‌ دوورە، ژمارەیەکی زۆری گوندی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، كه‌ دەکەونە سنووری دەڤەرەکە و زۆربەی جوتیارانی ئەو گوندە گرنگی بە چاندنی بەرهەمی هەنار دەدەن، كه‌ بەرهەمی ئەوان ناوبانگێکی زۆری لە ئاستی کوردستان هه‌یه‌، بە تایبەت “هەناری ئەرمشتێ “.

جوتیارانی ئەو گوندانە لەبەر کەمیی ئاو، ناچار دەبن ئەو بەرهەمانە بچێنن کە کەمتر پێویستیان بە ئاوە، بۆیە بە ناچاری زۆربەی جاران هەنار دەچێنن و بە قسەی ئەوان، ئاو وەک پێویست بۆ هەناریش نییە، جاری وا هەیە 14 رۆژ جارێک ئاویان بۆ دێت.

دڵشاد ئەرمشتێ، جوتیارێکی گوندی ئەرمشتێیە و بە 964 وتی: “31 ساڵە جوتیارم و پێنج ساڵە هاوار دەکەین ئاومان بۆ رابکێشن، کەچی کەس بەهانامانه‌وه‌ نایەت”.
“ئەگەر کەمی ئاو نەبوایە، بەرهەمی ئەمساڵی من لە جیاتی 20 تۆن دەبووە 50 تۆن هەنار، داوا لە ئیدارەی زاخۆ دەکەین ئەم کێشەیەمان چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی بتوانن پەڕە بە بەرهەمی ناخویی خۆمان بدەین و ترێ و خۆخیش لەگەڵ هەنار بچێنین”، دڵشاد ئەرمشتێ وا ده‌ڵێت.

ئه‌و روونیده‌كاته‌وه‌، ئەگەر هەفتەی جارێکیش ئاویان هەبێت، کێشە نییە، ئەم کەمئاوییە بۆیان بووەتە هەڕەشە لەسەر بەرهەمه‌كانیان، بۆیە ناتوانن لە ئاستی پێویستدا کشتوکاڵ بکەن.

خەڵکی شەش گوندی زاخۆ بۆ جاری دووەم گردبوونەوە

خەڵکی شەش گوندی زاخۆ بۆ جاری دووەم گردبوونەوە

محەمەد یاسین، بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی زاخۆ بۆ 964 وتی: زیاتر لە ساڵێکە بە فەرمی داوامان لە وەزارەت کردووە کێشەی ئەو جوتیارانە چارەسەر بکرێت، بەڵام نایکەن.
“من قسەم لەگەڵ سەرپەرشتی ئیدارەی زاخۆ کردووە، ئەو بەڵێنی چارەسەری پێداوین و بڕیاره‌ ئاو لە خابووری دولا بۆ ئەو جوتیارانە رابکێشڕێت، بەڵام ئەمەش ماوەیەکی زۆری پێ دەچێت و ره‌نگه‌ ساڵێک زیاتر بێت”.

ئەمە لەکاتێکدایە ئاوی خابووری دولا دوو بۆ سێ کیلومەتر لە هەندێک جوتیار و تا پێنج کیلومەتر لە هەندێکی تر دوورە، ئیدارەی زاخۆ دوو بیری ئیرتیوازی لەو دەڤەرە هەڵکەندووە بەڵام بە قەد بڕی پێویست ئاویان پێ نادات، بۆیە ئەوانیش داوا دەکەن لە خابوور ئاویان بۆ رابکێشرێت و کێشەی ئاویان نەمێنێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی کشتوکاڵ دەیەوێت رێگری لە وشکبوونی داری دارست...

وەزارەتی کشتوکاڵ دەیەوێت رێگری لە وشکبوونی داری دارستانەکان بکات