وەڵامی سەندیکای هونەرمەندان دەداتەوە

جەزای ساز: ئەو کاتە باسی شکۆی هونەرمەند بکەن کە خۆتان بتوانن بچن بە هانایانەوە

964+

دیلان محەمەد جەزا-سلێمانی

جەزای ساز سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە میلییەکانە لەسەر بەیاننامەکەی سەندیکای هونەرمەندان قسەی هەیە و دەڵێ من پابەند نابم پێوەی، کەی ئەوان توانیان حاڵی هونەرمەند باش بکەن ئینجا با بێن بە ئێمەو میدیاکان بڵێن باسیان مەکەن.

20ی ئابی رابردوو سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بەیاننامەیەکی دەرکردبوو داوای کردبوو چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە نەکرێت کە تەندروستییان باش نییە و نوسیوبوویان ”ئەمە شکاندنی شکۆی هونەرمەندانە”.

جەزای ساز کە وا ناسراوە بە هۆی پیشەکەیەوە خەمی هونەرمەندانیەتی دەڵێت ”هونەرمەند هەیە پارەی پارچەیەک حەبی پێ نییە، هەیە کەسوکارەکەی پارەی گۆڕەکەیان پێ نییە، بۆیە تا ئەو کاتەی حاڵی هونەرمەندان باش دەکرێت من هۆکار دەبم لەوەی هونەرمەندەکان لە میدیاکانەوە پیشان بدرێن”.

جەزای ساز خۆی چەند جارێک 964ی ئاگادارکردووەتەوە لە حاڵی خراپی هونەرمەندان و دوای پیشاندانی وەزعیان خەڵک هاتووە بە دەمیانەوە، لەو چاوپێکەوتنەدا دەڵێ ”لە رێگای ئەم مایکەوە خەڵک بە هانای چەند هونەرمەندەوە چوون و نەشتەرگەرییان بۆ کراوە ژیانیان رزگار کراوە، 964 فریای چەندین هونەرمەند کەوتووە”.

سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە میلییەکان دەڵێ ”کاتێک من پابەند ئەبم کە هونەرمەند بە رەزیلی نەبینم”.