تەیف سامی دەنگۆکان رەتدەکاتەوە

“رێگریم لێنەکراوە و هەر خۆم بەنیاز نیم بچمە ئەمریکا”

شیرین ساڵح

تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق دەنگۆکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، “راست نییە و رێگریم لێنەکراوە بچمە ئەمریکا و ناویشم لە هیچ لیستێکی چاودێری تیرۆردا نییە”.

وتیشی، “لەلایەن هیچ دادگایەکەوە بانگهێشت نەکراوم و هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی یاسایم وەرنەگرتووە و خۆم بەنیاز نیم گەشت بکەم بۆ ئەمریکا و هێشتا لە عێراقم”.

دەشڵێت، “رێکاری یاسایی دژی ئەو قەوارە و کەسانە دەگرمەبەر کە زانیاری ناڕاست لە دژم بڵاودەکەنەوە”.

ئەم قسەیەی تەیف سامی دوای ئەوە دێت کە لە راپۆرتێکی فۆکس نیوزدا وا  بڵاوکرایەوە کە بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتڕاستی کردووەتەوە، ڤیزای تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق بۆ سەردانیکردنی ئەمریکا هەڵوەشاوەتەوە و خراوەتە لیستی چاودێری ئەمریکا پەیوەست بە تیرۆرەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە تەیف سامی ساڵی 2022 وەک یەکێک لە “ئازاترین ژنەکانی جیهان” رێزی لێگیرا و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا ستایشی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.