نزیکەی ملیارێک و نیو تێچووەکەی بووە

لە دهۆک شوێنی وەستانی هاوڵاتیان بۆ چاوەڕوانی پاس بەتەواوی بێ کەڵک بووە

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

لە دهۆک شوێنی وەستانی خەڵک بۆ چاوەڕوانی پاس بەتەواوی بێ کەڵک بوون و زۆربەیان جامەکانیان شکاون.

ئەم پڕۆژەیە لەساڵی 2009 لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گواستنەوە و گەیاندنی دهۆک دروست کرا و لە ساڵی 2013 پرۆژەکە رادەستی سەرۆکایەتی شارەوانی دهۆک کرا.

ئازاد دۆسکی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی گواستنەوە و گەیاندن بە 964ی وت، 14 ساڵ لەمەوبەر ئەم پڕۆژەیە جێبەجێکرا و لە سەرجەم ناو شاری دهۆک 246 شوێن و لە دەرەوەی شار 54 شوێنی وەستانی هاوڵاتیان بۆ چاوەڕوانی پاس هەیە.

بەوتەی ئازاد دۆسکی، پڕۆژەکە لە ساڵی 2013 رادەستی سەرۆکایەتی شارەوانی کراوە، بەڵام بەشی هەرە زۆریان جامەکانیان شکاوە و سوودی لێ وەرناگیرێت.

ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانی دهۆک بە 964ی وت، بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست نەمان توانیوە هیچ بکەین، بەڵام دوو لیژنە پێکدەهێنین لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای دهۆک بۆ ئەوەی کەشف دروست بکەن و بزانین چەند دانەیان پێویستی بە نۆژەن کردنەوە هەیە.

بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانی دهۆک وتیشی، “لەوانە هەندێک لەم شوێنانە بگوازرێنەوە بۆ شوینی شیاوتر، و هەوڵ دەدەین لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی گەورە رێکبکەوین بۆئەوەی نۆژەنیان بکاتەوە و ریکلامی خۆشیان بکەن ئەمە هەم بۆ خەڵک باشە و هەم بۆ خۆیان”.

پڕۆژەکە کاتی خۆی ملیارێک و 477 ملیۆن و 800 هەزار دینار تێچووەکەی بوو.

خاوەن پاسەکانی دهۆک حەسانەوە و پلانەکەی زاخۆش سەرکەوت...

خاوەن پاسەکانی دهۆک حەسانەوە و پلانەکەی زاخۆش سەرکەوتوو بوو