رێگەی جێگرەوە بۆ گەرووی هورمز
ئەمریکا هەوڵدەدات بۆرییە لەکارکەوتووەکەی نەوتی کەرکوک – بانیاس نۆژەن بکاتەوە
فەرهاد حەسەن
ئەمریکا هەوڵدەدات لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی وەک “شیڤرۆن” بۆری نەوتی کەرکوک – بانیاس لە نێوان عێراق و سوریا نۆژەنبکاتەوە، بە مەبەستی دابینکردنی رێگەیەکی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی ناوچەکە بۆ دەریای ناوەڕاست، ئەم هەنگاوە ئامانج لێی کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە گەرووی هورمز و بێبەشکردنی ئێرانە لە توانای پەکخستنی دابینکردنی وزەی جیهانی.
بۆرییەکە نەوتی کەرکوک دەگەیەنێتە بەندەری بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست، پێشتر 20%ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕدەبوو، ئێستا لەژێر گەمارۆ و ئاڵۆزییە سەربازییەکاندایە.
ئاژانسی رۆیتەرز، لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە ئەو زانیاریانەی بڵاوكردووەتەوەو دەڵێت، واشنتن پاڵپشتی لە هەوڵەکانی عێراق و سوریا دەکات بۆ زیندوکردنەوەی بۆرییەکی نەوتی خاو لە نێوان هەردوو وڵاتدا، کە دەتوانێت توانای ئێران بۆ ڕێگریكردن لە دابینکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە کەمبکاتەوە.
ویلایەتە یەکگرتوەکان پێشبینی دەکات کۆمپانیا ئەمریکییەکان رۆڵیان هەبێت لە پێشخستنی بونیادنانی بۆری کەرکوک – بانیاس، کە زۆربەی کات لە دەرەوەی خزمەتگوزاریدا بووە و بەكارنەهاتووە، بەتایبەتیش لەدوای هێرشی ساڵی 2003ـی ئەمریکا بۆ سەر عێراق زیانی گەورەی پێگەیشتووە.
کۆمپانیا ئەمریکییەکان، کە پێشبینی دەکرێت “شیڤرۆن” یەکێک بێت لەوانەی كە ڕۆڵێکی سەرەکییان دەبێت لە خێراکردنی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی ئەو بۆرییە کە لە ساڵی 2003ـەوە بەهۆی شەڕەوە لەکارکەوتووە.