زانکۆی زاخۆ. وێنە :964
پێنج زانکۆی هەرێم بەشدارن
لە زاخۆ پەرە بە توانای مامۆستایانی زانکۆ و خوێندکاران دەدرێت
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە زانکۆی زاخۆ پانێڵێک بۆ پەرەدان بە تواناکانی مامۆستایان و خوێندکاران رێکخرا و کە زانکۆی هەریەکە لە وڵاتانی ئیتاڵیا، ئیسپانیا و پورتوگال تێیدا بەشدار بوون.
پانێڵەکە بۆ گرنگیدان بوو بە زیاتر بەرەوپێشبردنی توانای مامۆستایان و خوێندکاران و بڕیارە ئەو پانێلە لە زانکۆکانی ئەوروپاش بەردەوامی پێبدرێت.
هەریەکە لە زانکۆکانی سەڵاحەدین، زاخۆ، هەڵەبجە، راپەڕین و دهۆک بەشداری پانێلەکە بوون.
عوسمان عەبدولکەریم، راگری کۆلێژی پەروەردەی بنیاتی زانکۆی زاخۆ بە 964ـی وت، “ئێمە ئێستا پێویستمان بە خوێندکاری داهێنەر هەیە، کە چاوەڕێی دامەزراندن نەبن و دەرفەتی کاری تایبەت بە خۆیان بدوزنەوە. ئێمەش لەمەودوا لە قۆناغەکانی خوێندن هەوڵی ئەوە دەدەین قوتابییەکی ئامادە بۆ بازاڕ دروست بکەین”.
وتیشی، “ئەم هەنگاوە ناچارمان دەکات گوڕانکاری لە سیستەمی خوێندن بکەین، بەڵام لە بەرژەوەندی ئێمە و خوێندکاردایە و ئەوان دەتوانن دوای دەرچوونیان سودێکی زیاتر بەدەست بێنن بەراورد بەوەی لە کەرتی گشتیدا دابمەزرێت”.
“لە رێگەی چەند شارەزایەکی ئەو زانکۆ ئەوروپیانەوە هەوڵی گۆڕین و زیادکردنی هەندێ وانە دەدرێت، کە خوێندکار فێردەکرێت دوای زانکۆ چۆن لە بووارەکەی خۆیدا ببێت بە خاوەن کار”، ئەوەش قسەی عوسمان عەبدولکەریمە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد