هەشت ساڵە چاوەڕێی موچەن

نەخۆشانی داون دەخرێنە ناو لیستی موچەوە

964+
شۆڕش عەبدوڵا – هەولێر

بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە دیوانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، لە ساڵی 2015 وە لیستی موچە بۆ نەخۆشانی داون نوێنەکراوەتەوە، بەڵام ئامادەیە.

ئەو نەخۆشانەی ناونوسکراون لای وەزارەت، ژمارەیان دوو هەزار و 415 کەسە، لە ئاییندەدا بە فەرمی دەخرێنە نێو لیستی موچەوە.

هەوراز عەبدولقادر، بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی دیوانی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بە 964ی وت، “ماوەی هەشت ساڵە لیستی موچەی نەخۆشانی داون نوێنەکراوەتەوە، بەڵام لەسەر فەرمانی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی، لیستێکی نوێ ئامادەکراوە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و دەخرێنە ناو لیستی موچەوە”.

ئەمڕۆ چوارشەممە 25.10.2023، ئەو بەڕێوبەرە ئەوەشی وت، ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشانی داون هەن، ناویان لەلای ئێمە تۆمارنەکراوە، چونکە خانەوادەکانیان خۆیان نەیان ویستووە.

ئەو کەمئەندامانەی تەکسی و ئۆتۆمبێلی تایبەتیان هەیە کا...

ئەو کەمئەندامانەی تەکسی و ئۆتۆمبێلی تایبەتیان هەیە کاریان بۆ دەدۆزرێتەوە

بۆ راهێنانکردن بە نەخۆشانی داون چەند سەنتەرێکی تایبەن هەن، کە سەر بە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانن.

دکتۆر ناجی عەلی، بەڕێوەبەری لیژنەی باڵای ئۆتیزم بۆ 964 ئەوەی وت، لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەک رێنمایی بۆ ئەو سەنتەر ئەهلییە نوێیانە دەردەچوێندرێت، کە تازە دەکرێنەوە و نەخۆشانی داون دەتوانن سوودێکی باشی لێوەربگرن.

نەخۆشی داون نەخۆشییەکی کرۆمۆسۆمییە، کە دەبێتە هۆی گۆڕان لە شێوەی لەش و دەروونی کەسەکەدا، ئەوەش لە ئەنجامی ناتەواوی لە کرۆمۆسۆمەکاندا روودەدات، چونکە رێژەی کرۆمۆسۆمی کەسێکی ئاسایی پێکهاتووە لە 46 کرۆمۆسۆم ،23 لە باوکەوەیە و 23 لە دایکەوە.