پێداچوونەوەی بە هەندێک رێكار کرد

وەزیری بازرگانی عێراق لە سایلۆی كەركوك چاودێری وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی کرد

فەرهاد حەسەن

وەزیری بازرگانی عێراق لە کەرکوکە و لە سایلۆی ئەو شارە چاودێری وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی کرد.

ئەمڕۆ شەممە مستەفا نزار عانی وەزیری بازرگانی، سەردانێكی پشكنینی بۆ سایلۆی كەركوك ئەنجامدا بۆ چاودێریكردنی پرۆسەی بەبازاڕكردنی گەنم و میكانیزمەكانی وەرگرتنی بەروبووم لە جوتیاران.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی بازرگانی کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردووەتەوە، لە میانی سەردانەكەکەی وەزیر، پێداچوونەوەی بەو رێكارانە كرداوە كە لە شوێنەكانی عەمباركردن و بەبازاڕكردن پەیڕەو دەكرێن لەگەڵ ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشكەش بە جوتیاران دەكرێن.

ئاماژەی بەوەشكراوە، وەزیر گوێی لە تێبینی و داواكارییەكانی ژمارەیەك جوتیار گرتووە، جەختیشیكردووەتەوە پابەندبوونی وەزارەت بۆ تێپەڕاندنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزارییەكان بۆ دڵنیابوون لە پرۆسەی بازاڕكردن و بڕی بازاڕكراو بەپێی پلانە پەسەندكراوەكان.

لە راگەیەندراوەکە ئەوەش هاتووە، كە وەزارەت بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی كشتوكاڵ و بەرزكردنەوەی ئاسایشی خۆراك لەڕێگەی دەستەبەركردنی سەركەوتنی وەرزی بەبازاڕكردن و دەستەبەركردنی هەڵگرتنی بەروبوومی ستراتیژی بە شێوەیەك كە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بكات و پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆ بكات.