تا 3000 تۆن ناوەستن

100 تۆن پەتاتەی هەرێم دەنێردرێتە سعودیە

964+

فەهمی نەبی

جارێکی تر پەتاتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی دەرەوە دەکرێت و ئەمجارە بەرەو وڵاتی سعودیە بەڕێدەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بڕی 100 تۆن پەتاتەی هەرێم رەوانەی دەرەوەی وەڵات و بە دیاریکراوی وڵاتی سعودیە دەکرێت.

هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بە 964ـی وت، ناردنی ئەو 100 تۆنە پەتاتە لە چوار چێوەی گرێبەستێکە لەگەڵ وڵاتی سعودیە کە بڕی 3000 تۆن پەتاتە رەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێت بە قۆناغی جیا لە هەرێمی کوردستانەوە.

وتیشی، ئەو پەتاتەی رەوانە دەکرێت زۆرینەی هی ناوچەکانی دهۆک و بەردەڕەش و چەند ناوچەیەکی تری هەرێمە و پەتاتەی پیشەسازییە.

بە گوێرەی ئەو داتایەی وەزارەتی کشتوکاڵ بڵاویکردوەتەوە، بەرهەمی ئەمساڵی پەتاتە لە هەرێم زیاتر لە 600 هەزار تۆنە و لە چاو چوار ساڵی رابردوو زیاتر لە 200 هەزار تۆن زیادی کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە پێویستی ساڵانەی هەرێم بە پەتاتە کەمترە لە 130 تۆنە.

هیوا عەلی ئەوەشی وت، بەردەوامن لە دۆزینەوەی بازاڕ و گرێبەستکردن لە گەڵ وڵاتان بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ لە دەرەوە و لەو چوارچێوەشدا هەر ئەمساڵ بڕی 5000 تۆن پەتاتە رەوانەی وڵاتی ئیمارات کراوە.

زیاتر لە 30 جۆر پەتاتە لە هەرێم بەرهەمدەهێنرێت و لە ناویاندا پەتاتەی پیشەسازی هەیە کە بەشێکی زۆریشی لەو هەشت کارگەیەی لە هەرێمی کردستان بۆ دروستکردنی جۆرەکانی چپس ساغدەکرێتەوە، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ وای وت.

لەماوه‌ى ئه‌م چه‌ند ساڵەدا 216 كۆگاى ساردکەرەوە لە پارێزگای دهۆک دروستكراون بۆ هەڵگرتنی بەرهەمى په‌تاته‌ و بەرهەمەکانی دیكه‌ له‌ دهۆک.

ساڵانە لە مانگی پێنجەوە بەرهەمی پەتاتە پێدەگات و جوتیاران دەست بە هەڵکەندنی دەکەن و دواتریش بەشێکی لە بازاره‌كانى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم دەفرۆشرێت و بەشێکیشی لە کۆگاکان هەڵدەگیرێت.

ئەمڕۆ پەتاتەی کوردستان دەگاتە ئیمارات

ئەمڕۆ پەتاتەی کوردستان دەگاتە ئیمارات