بە زمانى عەرەبییە

هۆشدارییەک لە هاتوچۆی هەرێمەوە؛ ئەو نامانەی داوای پارەی سزاتان لێدەکەن فێڵن

964+

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم هۆشدارییەکی بەپەلە دەداتە شۆفێران و رایدەگەیەنێت، جۆرە نامەیەکی مۆبایل (SMS) کە بە زمانی عەرەبی بۆ هاوڵاتیان دەچێت و داوای پارەی سزای هاتوچۆ دەکات، ساختەیە و هەوڵێکە بۆ فێڵکردن.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ماوەیەکە نامەیەکی درێژی عەرەبی دەگاتە مۆبایلی بەشێک لە هاوڵاتیان، تێیدا هاتووە کە سەرپێچیی هاتوچۆیان کردووە و دەبێت لە ماوەی 48 کاتژمێردا پارەکە بدەن، بەپێچەوانەوە سزای رۆژانەی دەچێتە سەر و دوای 30 رۆژیش رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.

هاتوچۆی هەرێم بە توندی رەتیدەکاتەوە ئەم نامانە پەیوەندییان بەوانەوە هەبێت و رایدەگەیەنێت: “ئەمە کارێکی نایاساییە بۆ فێڵکردن لە هاوڵاتیان، داواکارین وەڵامی ئەو جۆرە نامانە مەدەنەوە و بە هیچ شێوەیەک پارە بۆ ئەو سەرچاوانە مەنێرن”.

لە کۆتاییدا هاتوچۆ روونیکردووەتەوە، تەنیا رێگەی باوەڕپێکراو بۆ زانینی سزای سەرپێچییەکان، بەکارهێنانی پلاتفۆرمی (KRD Pass) یان سەردانیکردنی وێبسایتە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆیە لە هەرێمی کوردستان.

هۆشدارییەک لە هاتوچۆی هەرێمەوە؛ ئەو نامانەی داوای پارەی سزاتان لێدەکەن فێڵن