کاتی نەشتەرگەرییەکە و ئەو کەلوپەلانەی لە سکیدا دەرهێندراون - وێنە: پەیجی وەزراتەی تەندروستیی عێراق لە فەیسبووک
لە بەغدا
چەرخێک و کەوچکێک و دەرزییەک لە سکی نەخۆشێکدا دەرهێندران
964+
پێشەوا محەمەد
لە نەخۆشخانەی فێرکاریی بەغدا کەوچکێک و چەرخێک و دەرزییەک لە سکی نەخۆشێکی 35 ساڵ دەرهێندراوە و وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، کەسەکە نەخۆشیی دەروونی هەیە.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 22.10.2023 لە زاری عەلی حوسێن عوبێد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی بڵاویکردووەتەوە، کە نەخۆشەکە چووە بۆ نەخۆشخانە بەهۆی ئازاری تووندی سک و برینی دیواری سکییەوە ناڵاندوویەتی.
وتووشیەتی، “دوای ئەنجامدانی سەرجەم پشکنینەکانی پزیشکی دەرکەوت تەنێکی نامۆ، کەوچکێک لە دەرگای قۆڵۆنەوە دەرچووە، دواتر گەڕانی تری بۆ ئاشکراکردنی بوونی تەنی دیکە لە گەدە و سورێنچک بۆ کراوە و دەرکەوتووە دەرزییەکی درومان و چەرخێکیش لە سکیدا هەیە”.
ئاماژە بەوەش دراوە، لە رێگەی نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووەوە هەر سێ تەنەکە لە سکی نەخۆشەکە دەرهێندران.