سێ کەس دەستگیركران

“لە رێگەی یارییە ئەلیکترۆنییەکانەوە 52 ملیۆن دینار لە هاوڵاتییەک سەندراوە”


ئەحمەد مستەفا

هێزەكانی‌ نووسینگەی‌ پۆلیسی نەهێشتنی‌ تاوانی‌ كوردسات لە سلێمانی، سێ تۆمەتباریان دەستگیر كرد، کە بە وتەی پۆلیس، لە رێگەی‌ یارییە ئەلیكترۆنییەكانەوە لەژێر فشار و هەڕەشەدا 52 ملیۆن دیناریان لە هاوڵاتییەك سەندووە.

دوای‌ ئەوەی‌ هاوڵاتییەكە سكاڵای‌ تۆماركردووە، كە بڕێك پارە لەناو ماڵەكەیدا دیار نەماوە، هێزەكانی‌ پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچونیان دەسپێكردووە، سەرئەنجام دەركەوتووە كە باندێكی‌ سێ كەسی لە ژێر فشار و هەڕەشەدا یەكێك لەئەندامانی‌ ئەو ماڵە، كە نەوجەوانە، ناچاریان كردووە بڕی 52 ملیۆن دیناریان لە ماوەی‌ دوو ساڵدا پێبدات.

پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوەکەیدا، کە چیرۆکی ئەم رووداوە دەگێڕێتەوە و ئەمڕۆ شەممە 21.10.2023 بڵاوی کردووەتەوە، ئەوەشی وتووە، پاش ئەوەش داوای‌ برێك پارەی‌ دیکەیان لێكردووە و ناوی‌ هێزە ئەمنییەكانیان بەكارهێناوە بۆ ترساندنی‌.

توانرا لەلایەن نووسینگەی‌ كوردساتی‌ بەشی‌ پۆلیسی نەهێشتنی‌ تاوانەوە سێ تۆمەتبار بدۆزرێنەوە و دەستگیربكرێن، پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، وەك باند كارییان كردووە و لە كاتی‌ دەستگیردنیشیاندا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێكی بێسەرەتا و لاپتۆپێك و چەند موبایلێكدا گیراوە”.

بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە، “بەپێی‌ مادەی‌ 452 لە یاسای سزادان، راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە”.