ئەم هەفتەیەش داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە نەگەیشتە هەشت ملیار دینار
چوار هەفتەیە لە حەوت ملیاردا ماوەتەوە
ئەم هەفتەیەش داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە نەگەیشتە هەشت ملیار دینار
شۆڕش قادری
ئەم هەفتەیەش داهاتی نانەوتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەهەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕینەشەوە نەگەیشتە هەشت ملیار دینار و وا چوار هەفتەیە لە حەوت ملیاردا ماوەتەوە.
بەپێی نوێترین داتا و ئاماری ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی نانەوتیی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان لە رۆژی 22.8.2026ـەوە تا ئەمڕۆ هەینی 28.8.2026، حەوت ملیار و 720 ملیۆن و 675 هەزار و 535 دینارە، لەکاتێکدا سێ هەفتەی رابردووش شتێک لە حەوت ملیار دینار زیاتر بوو و نەگەیشتبووە هەشت ملیار دینار.
لە داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، بڕی 6 ملیار و 673 ملیۆن و 285 هەزار و 925 دیناری بە شێوەی نەختینە و ملیارێک و 47 ملیۆن و 389 هەزار و 610 دیناریشی چەکە.
ماڵپەڕی شەفافییەت هەموو هەفتەیەک داهاتە نانەوتییەکانی هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین دەخاتەڕوو.
ئەو داهاتەی ماڵپەڕەکە ئاشکرای دەکات، لە دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، گومرگ، کرێی کێش و پێوەرەکان، پێبژاردن و سزای دارایی، پشکنینەکان، رسووماتی بەخشین، ژینگەی ئۆتۆمبێل، تابلۆ و داهاتی شارەوانییەکان، بەدەستهاتووە.