"یەکێکیان فێڵی لە خەڵک کردووە"

لە بەردەڕەش دوو دەرمانخانە لەسەر زیادەڕۆیی داخران

964+

زەید کۆچەر-دهۆک

لیژنەی تەندروستی سەر بە قایمقامیەتی بەردەڕەش، بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکانی سەندیکای دەرمانسازان، دوو دەرمانخانەیان لە سەنتەری قەزاکە داخست.

رووبەری نێوان دەرمانخانەکان کەمتر بووە لە 30 مەتر، ئەمە سەرپێچی رێنماییەکانە، هەروەها یەکێکیان دوو دەرگای هەبووە بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر بۆخۆی رابکێشێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 16.10.2023، بۆتان شەمسەدین، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای بەردەڕەش بە 964ـی وت، ئەمڕۆ لیژنەی هاوبەشی قایمقامیەت، سەندیکای دەرمانسازانی دهۆک، سەندیکای کارمەندانی تەندروستی، نوێنەری تەندروستی بەردەڕەش و ئاسایش و پۆلیس، سەردانێکی مەیدانیان بۆ هەموو دەرمانخانەکانی سەنتەری قەزا كرد، لە ئەنجامدا دوو دەرمانخانە داخران.

کاوار رەشید محەمەد، بەرپرسی لیژنەی بەدواداچوونی دەرمانخانەکانی دهۆک لە سەندیکای دەرمانسازان بۆ 964ـی وت، “لیژنەکەمان لە قەزای بەردەڕەش دوو دەرمانخانەی داخستووە ئەوەش بەهۆی ئەوە بووە، ناکرێت دووری نیوان دەرمانخانەیەک بۆ دانەیەکی تر لە 30 مەتر کەمتر بێت و هەروەها لە دەرگایەک زیاتری هەبێت”.

وتیشی، زیادەڕۆیی لە گەورەکردنی دەرمانخانەکان کراوە، بۆیە هەردووکیان داخران و بەدواداچوون دەکرێت بۆ ئەوەی بزانن کێ کارئاسانی بۆ کردوون، “ئەم بابەتە هی ئەوە نییە بشاردرێتەوە و قبوڵی بکەین، نابێت دەرمانخانە بە کردنەوەی زیاتر لە دەرگایەک خەڵک بۆ خۆی رابکێشێت”.

لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش 15 دەرمانخانە هەیە و ئەمڕۆ دوانیان داخران.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر

لەسەر فرۆشتنی دەرمانی ماوەبەسەرچوو سێ شوێن داخران

لەسەر فرۆشتنی دەرمانی ماوەبەسەرچوو سێ شوێن داخران