"بە تەقە کردن رایانگرت و مەرجی سەلامەتیشی نەبوو"

بارهەڵگرێک لە بازگەی چیمەنی داو خەریک بوو کارەساتی بارهەڵگرەکەی پێشوو دووبارە بکاتەوە


کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە بازگەی چیمەنی سەر بە پارێزگای کەرکوک بارهەڵگرێک خەریک بوو هەمان ئەو رووداوە دووبارە بکاتەوە کە ماوەیەک لەمەوبەر بارگەڵگرێک لە شەقامەکەی بەردەم سەنتەری رۆشنبیری ئەو شارە کردی، بەڵام بەهۆی رێگریکردنی لەلایەن کارمەندانی هاتوچۆوە تواندرا بەر لە وررداوە ترسناکەکە بگرێت.

موقەدەم زیا محەمەد، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی کەرکوک بە964ـی وت، بارهەڵگرەکە لە جۆری سکانیا فلات بوو، خشتی سوری بارکردبوو، بەو بارە قوڕسەوە کۆنترۆڵی لەدەستدابوو بەناو بازگەی چیمەن تێپەڕی بێ ئەوەی رابوەستێت، بەڵام دەڵێت “خۆشبەختانە، کارمەندانی پۆلیسی هاتوچۆ و، پۆلیسی خۆجێی دەستبەجێ دەکەونە دوای ئۆتۆمبێلەکە و بەر بەردی دەدەن و چەند فیشەکێکی بەسەردا دەتەقێنن بۆ ئەوەی رابوەستێت، ئەوەبوو تواندرا رابگیرێت بەر لەوە کارەساتێک دروست بکات”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەکو ئەوەی تێبینیان کردووە، ئەو بارهەڵگرە جیا لەوەی برێکی نەمابوو چەندین سەرپێچی هەبووە تایەی ژێر ئۆتۆمبێلەکە رۆیشتووە خەتی پێوە نەماوە، هەروەها بارەکەی زۆر زیاتر بووە لەوەی رێگەی پێدراوە و بارەکەشی نەبەستبوو.

دووپاتیدەکاتەوە، کە هیچ مەرجێکی توندتۆڵی لەئۆتۆمبێلەکە بەدی نەکراوە بۆیە دەڵێت “بەدڵنیاییەوە شۆفێرەکەی سزای قورس دەدرێت”.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن