"عەرزی عەزەلات دەکا و دەڵێ دەبێ چۆڵی بکەن"
وەبەرهێنەرێک وەزعی کاسبکارانی ناوچەی پیشەسازی شۆرجەی تێکداوە
کاروان ساڵحی – کەرکوک
وەبەرهێنەرێک وەزعی فیتەر و کاسبکارانی شۆرجەی لە کەرکوک تێکداوە و دەڵێن، پێیان وتراوە دەبێ لە دوو مانگدا دوکانەکانیان چۆڵ بکەن.
ناوچەی پیشەسازی شۆرجە نزیکەی 400 دوکانی تێدایە و زەوییەکەشی موڵکی وەقفی سوننەیە، کەنعان عەبدولعەزیز یەکێک لە وەستا دەستڕەنگینەکان بە دڵێکی پڕەوە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “وەبەرهێنەرێک هاتووە عەرزی عەزەلات دەکا و دەڵێت، سێ ملیارم داوە و ئێوە دەردەکەم، ئەمەش زوڵمێکە لەم خەڵکە رەشوڕووتە دەکرێت و نازانین روو لە کوێ بکەین”.
“ئەوانەی لێرە ئیش دەکەن، هەمووی خەڵکی فەقیر و داماوە و ئەگەر رۆژێک ئیش نەکەن، پێیانەوە دیارە”، کەنعان عەبدولعەزیز وای وت.
عامر ستار یەکێکی دیکە لەو کاسبکارانە دەڵێت، “لە ساڵی 2005ـەوە لێرەین، وەبەرهێنەرێک هاتووەتە سەرخەت و دەڵێت، دەبێ بە دوو مانگ چۆڵی بکەن، شوێن و مەکانمان نییە، بۆ کوێ بڕۆین”.
ئەو کاسبکارانە دەڵێن، دوکانەکانیان هی ئەوقافە و هەمووشیان رازین مانگانە بەزیادەوە کرێی دوکانەکانیان بدەن.
سەبارەت بەو کێشەیە، سەرچاوەیەک لە وەقفی سوننەی کەرکوک بە 964ـی وت، “راستە ئەو زەویە موڵکی وقفی سوننەیە، بەڵام ئێمە لە کەرکوک ئاگاداری ئەو رێککەوتنە نین و پێدەچێت ئەو وەبەرهێنەرە لە بەغدا رێککەوتنەکەی ئەنجام دابێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری