بۆ ماوەی ساڵێک
باری نائاسایی رۆژئاوای کوردستان درێژ کرایەوە
964+
پێشەوا محەمەد
دوای کۆتاییهاتنی چوار ساڵی باری نائاسایی لە رۆژئاوای کوردستان، ئیدارەی ئەمریکا بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە هەمان باری نائاسایی درێژکردەوە.
کۆشکی سپیی ئەمریکا دوێنێ هەینی 13.10.2023 بڵاوی کردەوە، ھێرشەکەی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، ئۆپەراسیۆنی لەناوبردنی داعش و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە تێک دەدات، ھەڕەشەیەکی نائاسایشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و ئەوەشێ بە هۆکاری درێژکردنەوەی باری نائاسایی دەستنیشان کردووە.
کۆشکی سپی دەڵێت، تا 14.10.2024 باری نائاسایی لە رۆژئاوای کوردستان بەردەوام دەبێت.
ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە بوو تورکیا بە چڕی هێرشی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردبووەوە و بە پێی وتەی بەرپرسانی رۆژئاواش بێت، تورکیا دامەزراوە خزمەتگوزاری و مەدەنییەکانی کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی.
ساڵی 2019 ئیدارەی پێشووی ئەمریکا لەگەڵ دەستپێکی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر سەرێ کانی و گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان، باری نائاسایی نیشتیمانی لە سوریا راگەیاند و ھێرشەکەی ئەنقەرەی بە ھەڕەشە بۆ سەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ناوبرد. ئەوکاتە بەھۆی بڕیارەکەی ئەمریکاوە ھێرشی زەمینی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان راگیرا.