5 ساڵییە
لە کەشوهەوایەکی پاکدا؛ یەکەمین پەیمانگای وەرزشی لە شارباژێر کرایەوە
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
لە ناو کەشوهەوا پاک و خاوێنەکەی قەزای شارباژێردا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی ناوچەکەدا، پەیمانگایەکی وەرزشی بە رووی خوێندکاراندا کرایەوە و بڕیارە بەم نزیکانە دەست بەکارەکانی بکات.
فەرهاد ساڵح، قائیمقامی قەزای شارباژێر خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕی و بە 964ـى راگەیاند: بۆ یەکەمجارە پەیمانگایەکی وەرزشی لە قەزاکەمان دەکرێتەوە. وەرزش کایەیەکی یەکجار گرنگە و پێویستییەکی لەمێژینەی خەڵکی ناوچەکەیە.
قائیمقامی شارباژێر ئاماژەی بەوەش کرد کە بە زووترین کات کارگێڕیی پەیمانگاکە دەستبەکار دەبن، وەک باسى دەکات، سیستەمی وەرگرتن بە جۆرێکە کە خوێندکاران لە دوای تەواوکردنی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی دەتوانن فۆڕم پڕبکەنەوە و بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەم پەیمانگایە دەخوێنن.
دڵنیاییشی دا کە بەڵێنیان وەرگرتووە پەیمانگاکە بە تەواوی میلاکات و پێویستییەکانەوە دابین بکرێت و هیچ کەموکوڕییەکی نەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، لەتیف حسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێر، کە رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە هەوڵەکانی کردنەوەی ئەم ناوەندەدا، بە 964ـى وت،”هەرچەندە لە رووی کارگێڕییەوە پەیمانگاکە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە نییە، بەڵام ئێمە بەشێکی سەرەکی بووین لە هەوڵەکانی کردنەوەی، چونکە ئەمە پێویستییەکی زۆر گرنگە بۆ گەنجان و بەرەوپێشچوونی سنوورەکەمان.”
بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێر لە پێناو بەرژەوەندیی گەنجانی ناوچەکەدا وتى،”داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە بۆ ئەمساڵ، وەک یەکەمین ساڵی کردنەوەی پەیمانگاکە، هەندێک لەو کۆت و بەربەستانەی لەبەردەم وەرگرتنی داواکارانی سنوورەکەدا هەن هەڵبگیرێن، بۆ ئەوەی زۆرترین خوێندکاری ناوچەکە لێی سوودمەند بن.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح