چوار دکتۆری سڕکردنی بۆ هاتووە
دوای زیاتر لە ساڵێک هاوڵاتیانی ئاکرێ دەتوانن بە خۆڕایی نەشتەرگەری بکەن
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
دوای سالێک و یەک مانگ دەرگای هۆڵی نەشتەرگەری بەیانیان لە نەخۆشخانەی گوڵانی ئاکرێ دەکرێتەوە و ئیدی ئەوانەی پێویستیان بە نەشتەرگەریە دەتوانن بە خۆڕایی نەشتەرگەری بکەن.
ماوەی ساڵێکە نەخۆشخانەی گوڵان پزیشکی سڕکردنی نییە و بەو هۆیەوە ئەوانەی پێویستیان بە نەشتەرگەری هەبوو، دەبوو ئێواران نە نرخێکی گران نەشتەرگەریان بکردایە، ئێستا ئەو نەخۆشخانەیە چوار پزیشکی سڕکردنی بۆ دابینکراوە.
بڕیارە رۆژی 14.10.2023 نەشتەرگەری بەیانیان لە نەخۆشخانەی گوڵانی ئاکرێ دەستپێبکاتەوە.
نێچیرڤان فەخرەدین هەرکی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی ئاکرێ بە 964ی وت، دوای ماوەیەکی زۆر لە وەستانی نەشتەرگەری، هاوڵاتیان دەتوانن بەیانیان بەخۆڕایی نەشتەرگەری بکەن و لە ئێستاوە ناویان بنوسن.
بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی ئاکرێ ئەوەشی وت، میکانیزمی ناونوسین هەروەک ساڵێک لەمەوبەر دەبێت، پارە لە خەڵک وەرناگیرێت و تەنیا 15 هەزار تێچووی چەند وەسڵێکە.
بەگوێرەی تەندروستی ئاکرێ، هۆی داخستنی هۆڵی نەشتەرگەری ئاکرێ بۆ دوو هۆکار دەگەرێتەوە، یەکەمیان هۆڵەکە لەلایەن رێکخراوی GIZ نۆژەنکراوەتەوە و شەش مانگی ویستووە، هۆکاری دووەم، پێش ئەوەی نۆژەنکردنەوەکە کۆتایی بێت پزیشکێکی سڕکردن وازی لەکارەکەی هێنا.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی