بەرلەوەی دووچاری هەڵامەت بن

تەندروستی بەردەڕەش: وەرن ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا وەرگرن

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

دانیشتوانی بەردەڕەش ئاگادارکراونەتەوە، سەردانی بنکەکانی تەندروستی قەزاکە بکەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزی.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی بەردەڕەش ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەو ئاگادارییەی بڵاوکردوەتەوە و هاوکاتە لەگەڵ هاتنی وەرزی پایز و دەستپێکی سەرما و بڵاوبوونەوەی ئەنفلوەنزای وەرزی.

نەشوان بەرزنجی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی بەردەڕەش بە 964ی وت، “ئەمڕۆ نزیکەی سێ هەزار ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای وەرزیمان پێگەیشتووە، و ئاگاداری هەموو خەڵکی ناوچەکە دەکەین بێن ڤاکسین وەرگرن، بۆ ئەوەی بەرگریەکی باشیان هەبێت بەرامبەر ئەو هەڵامەتەی ساڵانە بڵاودەبێتەوە”.

بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی بەردەڕەش دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە، لە دەرەوەی بنکەی تەندروستی خەڵک ئەو ڤاکسینە وەربگرێت.

لە سنووری قەزای بەردەڕەش 17 بنکەی تەندروستی هەن، بەگوێرەی وتەی نەشوان بەرزنجی، لەسەرجەم بنکەکان ئەو ڤاکسینە بەردەستە.

بەرپرسانی پزیشکی ئەو ناوچەیە دەڵێن، کەسانی بەتەمەن، ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و ژنانی دووگیان و ئەوانەی چاندنەوەی گورچیلەیان ئەنجامداوە دەتوانن ڤاکسین وەرگرن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

به‌رده‌ڕه‌ش خۆى له‌ كۆلێرا به‌دوور ده‌گرێت

به‌رده‌ڕه‌ش خۆى له‌ كۆلێرا به‌دوور ده‌گرێت