کارەباکەی پێنجوێن ئارامی بەخۆوە نەبینیوە

دۆخەکەی جیاوازە.. سێ ئەندامی دەستەی خۆپیشاندانەکان دەستگیرکران

ئەحمەد مستەفا

هەر تیمەکانی پڕۆژەی رووناکی، ئەمڕۆ دووشەممە 29.6.2026 گەیشتوون بە پێنجوێن بۆ دانانی پێوەری زیرەک لە پڕۆژەی رووناکی، سێ ئەندامی دەستەی خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن چوون تا پێیان بڵێن، “ئەوان رازی نین”، بەڵام هێزێکی ئەمنی کە بۆ پاراستنی دۆخەکە لەوێ بوون، سێ ئەندامەکەی دەستگیرکردووە.

قەزای پێنجوێن ماوەی زیاتر لە 17 ساڵ کارەبای بەردەوامی هەبوو، بەڵام بەشێوەیەکی سنوردار سەرەتا 10 ئەمپێر و دواتر کرایە 16 ئەمپێر و دانیشتووانى شارەکە خۆیان لەگەڵ ئەو بڕەدا گونجاند، ئێستا ناڕەزایەتییەکە لەسەر ئەوەیە، حکومەت دەیەوێ بیکات بە پێوەری زیرەک و نرخ بە میکانیزمی پڕۆژەی رووناکی هەژمار بکرێ.

قەرار وابوو ئەمڕۆ ناڕەزایەتی لە پێنجوێن لەسەر ئەو گرفتە نیشان بدرێ، کە هاوکات بوو لەگەڵ هاتنی تیمەکەی پڕۆژەی رووناکی، 964 چەندین پەیوەندی بە بەرپرسانی قەزاکە کردووە، ئەوان نایانەوێ قسە لەسەر دۆخەکە بکەن، ئەوەش بەهۆکاری ئەوەی پڕۆژەکە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێ و پێنجوێنیش دەگرێتەوە، وە بۆ دانانی پێوەرەکان بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی و تیمی پڕۆژەی رووناکی جێبەجێی دەکەن.

لەبارەی دەستگیرکردنی سێ ئەندامەکەی دەستەی خۆپیشاندەرانی قەزای پێنجوێن، بەرپرسێکی باڵای قەزاکە ئەوەی بۆ 964 روون کردەوە، کە هەوڵی ئازادکردنی ئەو کەسانە دەدەن و دەیانەوێ دۆخەکە بەوجۆرە بێت، کە تێگەشتنی هاوبەش بەبێ بوونی هیچ زیانێک لە خەڵکی قەزاکە تێبپەڕێ.

ئەو قەزایە کە 16 هەزار بەشداربووی کارەبای هەیە، پێویستی بە 35 مێگاوات کارەبای بەردەوام هەیە، تا خواستی قەزاکە بە تەواوی پڕبکاتەوە بۆ 24 کاتژمێری بەردەوامی پێدانی کارەبا بە دانیشتووانەکەی.

بەختیار عەلی ئەندامێکی دەستەی خۆپیشاندانەکانی پێنجوێنە، پشتڕاستی ئەوەی کردەوە، کە سێ لە ئەندامەکانیان بەهۆی هەڵە تێگەشتنەوە دەستگیرکراون و وازانراوە ئەوان خۆپیشاندان دەکەن، بەڵام وەک ئەو وتی، بەڵکو تەنیا چوون پێیان بڵێن، ناڕازین بە دانانی پێوەرەکە، ئێستاش هەموو فشارێک دەکەن بۆ ئازادکردنیان.

لەبارەی چارەسەر و پێشنیاری ئەوان بەختیار عەلی وتی، بە پیاو و ژن لەسەر پێین و دژی دانانی پێوەرەکەین، دۆخی پێنجوێن زۆر جیاوازە، بەشێکی زۆری کارەبا لە هاوین بۆ کشتوکاڵ و بە زستان بۆ گەرمکەرەوە بەکاردەهێنین، بەهەمان نرخی پڕۆژەی رووناکی لەسەر ئێمە هەژمار بکرێ، بڕێکی زۆر پارەمان بۆ دێتەوە و دەبێتە بارگرانی، ئەگەر لە سلێمانی ماڵێک هەزار و 500 مێگاوات کارەبا سەرف بکات، ئێمە پێویستمان بە دوو هەزار و 500 مێگاواتە.

بەو پێیە بێت، ماڵێک لە سلێمانی 150 هەزار دینار پارەی کارەبای بۆ بێتەوە، ئەوە هەمان ماڵ لە پێنجوێن 300 هەزار دیناری بۆ دێتەوە، ئەمە قسەی یەکێک لە ئەندامەکانی دەستەی خۆپیشاندانەکانە کە وەکخۆی دەڵێ سۆراغی بابەتەکەیان کردووە و لە دەرگای هەموو بەرپرسەکانیان داوە و تا کوژانەوەی گشتی کارەباش لە هەڵوێستی رەتکردنەوەیان بەردەوام دەبن، و دەیانەوێ وەک ئێستا کارەباکە بمێنێتەوە.

لەگەڵ ئەوەدا، هۆبەری فرۆشتنی پێنجوێن ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، دانیشتووانی سنووری قەزای پێنجوێن، ناحیەی ناڵپارێز و گەرمک ئاگادار ئەکەین، پێویستە لە ماوەی یەک هەفتەدا وێنەیەکی نوێی پێوەری کارەباکانیان بهێنن بۆ فەرمانگەی کارەبای پێنجوێن، بۆ ئەوەی بڕی کارەبای بەکارهاتووی ناو پێوەرەکانیان بۆ ئەژمار بکرێت.

ئەو راگەیەندراوەی دەستەی خۆپیشاندانەکان بڵاوی کردووەتەوە؛

سبەینێ بەهاتنی کارمەندەکانی پڕۆژەی تاریکی
ئێمەش هەمومان بە ژن و پیاوەوە بە کاسب و فەرمانبەرەوە بەجوتیار و بێ کارەوە لە (هەیکەلەکە )ئامادە دەبین بەڕێ دەکەوین بۆ ملەکەوە………..
ڕێنماییەکان بۆ خۆپیشاندان:
داوا لەهەمو هاوشاریانی خۆشەویست دەکەین خۆپیشاندانێکی هێمنانە ئەنجام بدەن و دوربن لەهەمو جۆرە توندوتیژیەک..
ڕێز لە هەمو گەشتیاران و میوانانی مەرزی باشماخ و سەیرانبەن بگرن و نەرم بن لەگەڵیان.
ڕێگا لەهیچ جۆرە سەیارەیەکی مەدەنی ناگرین و ڕێگای هاتن و ڕۆشتن بە دوو سایدی جیاواز کراوە دەبێت.
پێویستە هەمومان خۆمان بەخاوەنی خۆپیشاندان بزانین و وەک چۆن لەڕابردو یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بوین ئەمجارەش نمونەی جوانترین خۆپیشاندان پێشکەش بکەین و ڕێگە نادەین هیچ دەست و هیچ کەسێکی تێکدەر شارەکەمان ناشرین بکات .
دەستەی خۆپیشاندان و داکۆکیکردن لەمافەکانی پێنجوێن

راگەیەندراوی هۆبەی فرۆشتنی وزەی پێنجوێن؛

ئاگادارییەکی گرنگ بۆ هاوبەشانی کارەبا لە سنووری قەزای پێنجوێن.
سەرجەم خاوەن (باخەکان ، بیرەکشتوکاڵییەکان ، کارگەکان ، دەواجینەکان )
لە سنووری قەزای پێنجوێن و ناحیەی ناڵپارێز و گەرمک ئاگادار ئەکەین
کە پێویستە لە ماوەی یەک هەفتەدا (لە ڕێکەوتی بڵاوکردنەوەی ئەم ئاگادارییەوە) وێنەیەکی نوێی پێوەری کارەباکانیان بهێنن بۆ فەرمانگەی کارەبای پێنجوێن. بۆئەوەی بڕی کارەبای بەکارهاتووی ناو پێوەرەکانیان بۆ ئەژمار بکرێت،
هەر هاوبەشێک لە ماوەی دیاریکراودا وێنەی پێوەرەکەی نەهێنێت بەرپرسیارێتی دارایی دەکەوێتە ئەستۆی خۆی.
لەگەڵ ڕێزدا…….
هۆبەی فرۆشتنی وزەی پێنجوێن