لە ئەمشەوەوە

کەلار نێرگەلەی قەدەغە کرد

+964
میلاد جەلال – گەرمیان

بەهۆی ئەوەی دانانی نێرگەلەی گەنجان لەناو پارکەکاندا ھاوڵاتیانی نیگەران کردبوو، قایمقامیەتی قەزای کەلاری بڕیاری قەدەکردنی دا.

بڕیاری قەدەغەکردنی کێشانی نێرگەلە لە ئەمشەوەوە جێبەجێدەکرێت و سەرجەم باخچە و پارکەکانی قەزای کەلار دەگرێتەوە.

ھاوڵاتیانی قەزای کەلار بۆ وەرگرتنی پشوو، لە کاتەکانی ئێواران و شەواندا روویان کردووەتە پارک و باخچەکانی قەزاکە و هەندێکیان نێرگەلەشیان کێشاوە.

ھەردی سەرکەوت وتەبێژی قایمقامیەتی قەزای کەلار بە 964ى وت”سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون رێگە نەدرێت نێرگەلە لە پارک و باخچەکان دابنرێت، بەتایبەت ھەریەک لە پارکەکانی(شەھید حەمەڕەش، پارکی تەنیشت مزگەوتی سەردار بەگی جاف، پارکی بەردەسوور)، لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆری سەردانیکەرانی ئەو باخچانە خێزانن”

ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر سکاڵای ھاوڵاتیان ئەو بڕیارە دراوە، بۆ جێبەجێکردنیشی تیمەکانی ئاسایش و پۆلیس بەسەر پارکەکاندا دەسووڕێنەوە و ھەرکەسێک بیەوێت نێرگەلە دابنێت رێگری لێدەکرێت، هەردی سەرکەوت وای وت.

پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین