لە داتاکەت دڵنیابەوە
وردبینی بۆ دامەزراندنی یەکەمەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەستیپێکرد
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستیکرد بە ئەنجامدانی پرۆسەى وردبینی بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکان و هەڵگرانى بڕوانامە باڵاکانى زانکۆکانى هەرێم، کە دانیشتووى ناوچەکانى دەرەوەى ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.
دامەزراندنەکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە دەبێت و ئەو خوێندکارە یەکەمانە دەگرێتەوە کە لە سنووری ناوچەکانی مادەی 140 وەک کەرکوک، شنگال، مەخموور، خانەقین و چەند ناوچەیەکی دیکە خوێندویانە.
بەمەبەستى دامەزراندنیان، رۆژی دووشەممە 25.9.2023، تیمێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ تیمى ئەنجوومەنى راژەى گشتى لە حکومەتى عێراق ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، “سەرجەم کێشە و گرفتەکانى بەردەم پرۆسەکە تاوتوێکران و رێگەچارەى چارەسەرکردنیان بۆ دیاریکرا، بۆ ئەمەش وا بڕیارە لەماوەى یەک هەفتەدا وردبینى کردن لە کۆى پرۆسەکە کۆتایی پێبهێندرێت.”
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی هەرێمی کوردستان ئاگادارى سەرجەم سێ یەکەمەکان و هەڵگرانى بڕوانامە باڵاکان دەکاتەوە، ئەوانەی یاساکانى ژمارە (59) و (67) دەیانگرێتەوە بۆ دامەزراندن لەسەر میلاکى حکومەتى عێراق، پێویستە سەردانى ئەم بەستەرە (confirm.iraqi-fpsc.gov.iq) بکەن، بەمەبەستى وردبینى کردن و هەڵەچنینى داتاکانیان، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر راستى و دروستیی ئەو داتایانەى لە فۆرمەکانیان داتا کراوە؛ “بۆیە هەر دەرچوویەک ئەگەر هاتوو لە داتاکان کێشەى هەبێت و نەتوانێت چارەسەرى بکات دەتوانێت لە رێگەى ئێمەیڵى وەزارەت ([email protected]) وێنەیەک لە داتاکەى خۆى بنێرێت و هەڵەکان دەستنیشان بکات بەمەبەستى راستکردنەوەیان.”