بە تەلەفون لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى قسەى کردووە

سوودانی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێم دەکات

وریا فەتاح

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر ماڵی سەرۆکى هەرێم لە پارێزگای دهۆک.

سوودانی لە پەیوەندییەکەدا ناڕەزایەتی و رەتکردنەوەی خۆی بۆ ئەم “پەلامارە ترسنۆکانەیە” دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت رێگە نادات ئاسایشی هەرێم و عێراق تێکبدرێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە پێکهێنانی تیمێکی هاوبەشی ئەمنی و تەکنیکی لە نێوان دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەرکی ئەم تیمە لێکۆڵینەوە دەبێت لە وردەکارییەکانی رووداوەکە، دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی و گرتنەبەری هەموو رێکارە یاساییەکان لە دژیان.

سوودانی دووپاتی کردەوە کە حکومەتەکەی پێداگرە لەسەر رێگریکردن لە هەر لایەنێکی دەرەکی یان نێودەوڵەتی کە بیەوێت عێراق پەلکێشی ناو ململانێیە ناوچەییەکان بکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەموو هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ پاراستنی سەروەری، ئاسایش و سەقامگیری وڵات.